حه‌شدى شه‌عبى باره‌گاكانى له‌ ناوشاره‌كان چۆڵ ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 21/08/2018‌ :: 1077‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 
رۆژنامەی موستەقبەلی لوبنانی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە فەرمانێک داوای لە سەرجەم هێز و لیواکانی حەشد کردووە بارەگاکانیان لەناو شارەکان دابخەن.


دەشڵێت، هەر بەپێی ئەو فەرمانەی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رێگری لە کردنەوەی هەر نوسینگە و بارەگا و بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازیی لەشارەکان دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت هێز و لیوا سەربازییەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حزبەکان ببڕن، ئه‌گەرنا بەدەرچوو لە حەشد هەژماردەکرێن.

هه‌ر له‌وچوارچێوەدا دوای ئەوەی کۆگاکانی فیرقەی عەباسییەی جەنگی سەربە مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی کرایە ئامانج و تەقێنرایەوە، بەرپرسانی ئەو فیرقەیە دەڵێن، دەستی لە پشتەوەیە.

رۆژنامەکە لە زاری مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباسی جەنگییەوە دەڵێت "ئەو لایەنانەى کۆگاکانی فیرقەی عەباسی کردۆتە ئامانج، خەڵکی ناحه‌زن، ئەوەش بۆ لاوازکردنی هێزی فیرقەی عەباسییە، کە هێزێکی عێراقی پەتییە، بۆ بەرژەوەندی عێراق کاردەکات".

زەیدی وتوشیەتی، تەقیتەوەکانی یەکەم کە کۆگاکانمانی کردە ئامانج لە 26ی تەمووزی رابردوو 16 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای کەربەلاوە دووربوو، چەک و تەقەمەنی دەستکەوتی شەڕی داعشی تیابوو.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، سەبارەت بە کۆگاکان حکومەت کەمتەرخەمییەکی ئاشکرای هەیە، لە دابینکردنی کۆگای پارێزراو بۆ چەک و تەقەمەنی.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوای تەقینەوەی کۆگاکان لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتەوە پێکهێنراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە جۆری بە ئامانجکردنی کۆگاکان، کەلەوانە ئاسمانی یان زەمینی یاخود هەردووکیان بەیەکەوە بن.

بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامه لوبنانییەکە، زەیدی ئەوەشی ڕوونکردوه‌ته‌وە، جوڵەی فڕۆکەوانی گوماناوییان دیارکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیشیان ئاگادار کردۆتەوە.


هاوکات موقەدەم موهەند تائی ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگه‌یاندوه‌، رێڕەوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تەقینەوەکان، گەیشتۆتە 80% دەریدەخەن، ئەگەر هەیە هێرشی زەمینی یان ئاسمانی کرابێتە سەر شوێنی کۆگاکان، بۆیە چاوەڕێی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure