کێن ئەوانەی تورکیا لە دەستی ترەمپ رزگار دەکەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/08/2018‌ :: 7387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
کەنەز راپۆزا لە گۆڤاری (فۆربس)ی ئەمریکیدا وتارێکی شیکاری بڵاوکردۆتەوە و باس لە ئەڵتەرنەتیڤەکانی تورکیا دەکات بۆ رزگار بوون لەو سزا ئابورییانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەسەر تورکیا دەیسەپێنێت.

بەگوێرەی نوسینەکەی راپۆزا تا ئێستا ئیدارەی ئەمریکا رازی نەبووە بەهیچ کام لە پێشنیازەکانی تورکیا بۆ ئازادکردنی قەشە برونسۆن لەبەرامبەر سزا ئابورییەکان و پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا ئەمریکا سزای زیاتریش بخاتە سەر ئەو وڵاتە.

لەوتارەکەدا باس لەو وڵاتانە کراوە کە دەتوانن تورکیا لەژێر سزاکانی ئەمریکا رزگار بکەن تائێستا یەکێکیان بەهانای ئەردۆغانەوە هاتووە، بەڵام پێویستی بە لایەنی دیکەی زیاتر هەیە.

روسەکان دەتوانن دەستی هاوکاری بۆ تورکیا دریژ بکەن، بەڵام بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی روسی و کوشتنی فڕۆکەوانەکەیەوە لە رابردوودا، هێشتا پێناچێت پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و پوتین بێخەوش بێت.

ئەوە جگە لەوەی روسەکان ئاڵتەرنەتیڤی ئۆکراینیایان هەیە بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا، بەڵام ئەگەر پوتین بیەوێت بەهانای ئەردۆغانەوە بچێت ئەوا دەبێتە ناوبانگێکی گەورە بۆخۆی کە دەتوانێت ئەندامێکی ناتۆ لە هەرەسهێنان رزگار بکات.

نوسەر باسی لە چین کردووە کە ئەوانیش دەتوانن هاوکاری دارایی تورکیا بکەن بۆ رزگار بوون لەو قەیرانە ئابورییەی تێیکەوتووە، بەڵام ئەوانیش هەروا لەخۆڕایی هاوکاری تورکیا ناکەن و چاویان لە موڵک و ماڵە پڕبەها و ئاسن و وزەکەی تورکیا بڕیوە، وەک چۆن بۆ رزگارکردنی یۆنان لە قەیرانی دارایی چینیەکان بەندەری (پیرایوس)یان لە ساڵی ٢٠١٦ بە بەهای ٣٦٨ ملیۆن یۆرۆ لە یۆنان کڕییەوە، ئەمجارەش دەیانەوێت حکومەتی تورکیا رازی بکەن موڵکێکی گرنگیان پێ بفرۆشێت.

لایەنێکی تر کە دەتوانێت بەهانای تورکیاوە بچێت، یەکێتی ئەوروپایە، ئەردۆغان دەتوانێت پەنابەران و ئەو ملیۆنان ئاوارە سورییە وەک ئامرازێک بەرامبەر ئەوروپا بەکاربێنێت و پێیان بڵێت چیدیکە بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە ناگرێت بەوەش ئەوروپا ناچار دەبێت بڕێک لە خەرجی پەنابەران لە تورکیا لەئەستۆ بگرن و تاڕادەیەک لیرەی تورکی لە داڕمانی زیاتر رزگار بکەن.

بە گوێرەی نوسەر تاکە وڵاتێک کە بەکردوە تا ئێستا بەهانی تورکیاوە چووە، قەتەرە و لەماوەی رابردوودا بەبڕی ١٥ ملیار دۆلار رێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا کردووە بۆ وەبەرهێنان لەو وڵاتە، هەربۆیە ئەگەر بارودۆخەکە خراپتر بێت و ترەمپ بەردەوام بێت لە بنکۆڵکردنی تورکیا، ئەوا دەبێت قەتەر پشتیوانی زیاتری تورکیا بکات.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد      



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure