چوار لایەنە ناڕازییەكە دەیان تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە

هەواڵ / کوردستانی :: 20/08/2018‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
چوار لایەنە ناڕازییەكە "لەئەنجامی هەڵبژاردن"، چەندین تانەیان لە تۆماری دەنگدەرانی كۆمسیۆن داوەو چاوەڕێدەكەن كۆمسیۆن جارێكی تر لیستی دەنگدەران پاكبكاتەوە و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵیش دەڵێت "بەپاككردنەوەی لیستەكە رێگری لە ساختەكاری دەكرێت".

 

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 22 تانە و یەكگرتووی ئیسلامی و گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەی بەجیا چەندین تانەیان لە تۆماری نوێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی داوە.

نەوزاد ساڵح، ئەندامی دامەزراوەی هەڵبژاردن و ئاماری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەدواڕۆژی راگەیاند "ئێمە لەدوای بڵاوكردنەوەی تۆماری نوێی دەنگدەران لەلایەن كۆمسیۆنەوە، تانەی خۆمان لە تۆمارەكە داوە لەبەرئەوەی تائێستا خەڵكی لەسەرووی 90 ساڵەوە لە تۆمارەكە نەسڕاونەتەوە، هەروەها كوڕێك كە ژنی هێناوە و كچێك كە شووی كردووە دەبێت لەخێزانەكان جیابكرێنەوە، بەڵام ئێمە بەڵگەمان هەیە كە ئەوانە هەر لەسەر ماڵە باوانیان لە تۆمارەكە ماون و نەسڕاونەتەوە".

وتیشی "چەندین تێبینی و سەرنجی ترمان بە كۆمسیۆن داوە و كۆمسیۆنیش لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكات".

هاوكات ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان 22 تانەی لە تۆماری دەنگدەران داوەو ناوەندەكە، پێیوایە بەهۆی ئەوەی لیستی دەنگدەرانی تایبەت و گشتی جیانەكراوەتەوە، بۆیە دەرفەتی ساختەكاری هەیە بەوەی دەنگدەرانی تایبەت لەهەردوو رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، دەتوانن دەنگ بدەن، بۆیە كۆمەڵ داوادەكات ناوی هێزە ئەمنییەكان لەناو لیستی دەنگدانی تایبەت بنووسرێت.

بەبڕوای ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵ، گواستنەوەی ناوی دەنگدەران لە بنكەیەك بۆ بنكەیەكی تر بەبێ‌ ویستی دەنگدەران سەرقاڵكردنی دەنگدەرانە و كەلێنێكە بۆ ساختەكاری.

كۆمەڵی ئیسلامی تانەی لەشێوازی دەنگدان داوە و داوای كردووە دەنگدەران جگە لەناسنامە، رەگەزنامەشیان لەڕۆژی دەنگدان پێبێت.

لەبارەی تانەكانیان، هاوژین عومەر بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "تانەكەی ئێمە و سێ‌ لایەنەكەی تر بۆ پاككردنەوەی لیستەكە و رێگرییە لە ساختەكاری، چونكە ئەگەر تانەی هەر چوار لایەنەكە لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا لەهەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول رێگرییەكی زۆرباش لە ساختەكاری دەكرێت".

گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە تانەكانیاندا داوایانكردووە لیستەكە جارێكی تر لەناوی دووبارە و ئاوارە و مردوو، وەهمی پاكبكرێتەوە.

لەبارەی داواكاری لایەنەكان، كاروان جەلال بەڕێوەبەری داتا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر تانەی چوار لایەنەكە پێكهێندراوەو بەوردی دیراسەی تانەكانیان دەكرێت و دواتریش وەڵام دەدرێنەوە".

وتیشی "كۆمسیۆن كاری زۆر جددی كردووە بۆ سڕینەوەی ناوی دووبارە و مردوو هەر كێشەیەكی تر، بەڵام ئەگەر چوار لایەنەكە تێبنیی تریان هەبێت و بیانەوێت تۆمارەكە باشتر بكرێت، ئەوا دەستخۆشییان لێدەكەین و تێنبییەكانیان بەجددی وەردەگرین".

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاندبوو، 200 هەزار ناوی دووبارە، لێكچوو، مردوو، ئاوارە و پلەباڵا لە تۆمارەكە سڕاوەتەوەو لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوول ناتوانن دەنگ بدەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure