ده‌یان هه‌زار ده‌نگده‌ر مه‌ترسى له‌سه‌ر مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/08/2018‌ :: 691‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌هۆى ئه‌وه‌ى سه‌ردانى بنكه‌كانى تۆمارى ده‌نگدانیان نه‌كردوه‌ و گومان له‌سه‌ر ناوه‌كانیان هه‌یه‌، ده‌یان هه‌زار كه‌س مه‌ترسى له‌سه‌ر مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و ئه‌و هاووڵاتیانه‌شى فۆڕمى خۆراكیان له‌ سنوورى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌ ناتوانن ده‌نگبده‌ن.


له‌ كۆى زیاتر له‌ سێ ملیۆن و 536 هه‌زار ده‌نگده‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان زیاتر له‌ (506 .533) هه‌زار ناو له‌ تۆمارى ده‌نگده‌رانى هه‌رێمى كوردستان گومانیان له‌سه‌ربوو لایه‌نه‌كان داوایان له‌ كۆمسیۆن كرد وردبینى و پاككردنه‌وه‌ له‌و ناوانه‌ بكات ئه‌وانیش بڕیتیبوون له‌، (65) هه‌زار ناوى مردوو، (6.342) ناوى دووباره‌ و، (184.175) ناوى ده‌نگده‌رى تایبه‌ت، (96.258) ناوى لێكچوو، (41.899) ناو كه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووى 90 ساڵه‌وه‌یه‌، (23.744) ناوى ئاواره‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، (116.88) ناو ته‌مه‌نیان له‌ خوارووى 18 ساڵه‌وه‌یه‌.

به‌پێى دواین ئاماره‌كانى كۆمسیۆن دواى ته‌واوبوونى ماوه‌ی یاسایى سه‌ردانیكرد بنكه‌كانى تۆمارى ده‌نگده‌ران زیاتر له‌ 247 هەزار و 666 هاوڵاتی سەردانی بنکە لاوەکیەکانیان کردووە بۆ دڵنیابوون لە بوونی ناوەکانیان و دوو ملیۆن و 623 جار کۆدى فۆرمى دەنگدانیش لە ماڵپەری تایبەت بە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى هەرێم تۆمارکراوە.

به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى كۆمسیۆن تاوه‌كو ئێستا 200 هەزار ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا دەرهێنراون و زیاتر له‌ 24 هەزار و 335 دەنگدەر تەمەنیان زیاترە لە 90 ساڵ دەبێت بەر لە رۆژی دەنگدان بچنە بنکەکانی کۆمیسیۆن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مافى ده‌نگدانیان نابێت.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كانى كۆمسیۆن ئه‌و 56 هەزار دەنگدەره‌ى ناوی لە تۆماری دەنگدەران سڕکراوە و پێشتر ناویان له‌ سایتى كۆمسیۆن بڵاوكرایه‌وه‌ بریتى بوون له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ناوه‌كانیان له‌ زیاتر له‌ یه‌ك لیستى تۆمارى ده‌نگده‌رانى زیاتر له‌ دوو پارێزگادا هاتووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ردانى بنكه‌كانى تۆمارى ده‌نگده‌رانیان نه‌كردبێت، یاخود له‌ رێگه‌ى سایتى كۆمسیۆنه‌وه‌ دڵنیانه‌بوونه‌ته‌وه‌ له‌ ناوه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌كانیان له‌ یه‌ك شوێن جێگیربكه‌ن، ئه‌وا بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان مافى ده‌نگدانیان نابێت.

كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم، رێگه‌ به‌و كه‌سانه‌ش نادات كه‌ ده‌نگبده‌ن ئه‌گه‌ر فۆڕمى خۆراكیان له‌ سنوورى كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بێت.

كاروان جه‌لال، بەڕێوەبەری داتاکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم پێیوایه‌ ده‌رهێنانى زیاتر له‌ 200 هەزار ناوى گوماناوى لە تۆماری دەنگدەراندا له‌و قه‌باره‌یه‌ ده‌ستكه‌وتێكى باشه‌ و ده‌كرێ لایه‌نه‌كان زیاتر هاوكارى كۆمسیۆن بن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، جیاوازى تۆماری دەنگدەرانی پێشوو لەگەڵ ئەو تۆمارە دەنگدەرانەی ئێستا هەیە، 200 هه‌زار كه‌سه‌ ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ ئیتر حه‌ق نییه‌  گومانیان لە تۆماری دەنگدەران هەبێت.

وابڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌یلولى مانگى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure