"مەترسی گەورە لەسەر بەرھەمی مریشکی هەرێم ھەیە"

هەواڵ / ئابوری :: 20/08/2018‌ :: 4482‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
كۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان مەترسی لەسەر بەرھەمی ناوخۆی مریشک ئاشکرا دەکەن و رایدەگەیەنن، ئەگەر حکومەت ھاوکارمان نەبێت ئەوا زۆربەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەرەو داخستن دەڕۆن.


نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەدواڕۆژی وت "لەئێستادا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتەواوی پشتی لە بەرھەمی ناوخۆیی کردوە بەتایبەت مریشک کە بەردەوام بەرھەمەکەی لەزیادبوونە، بەڵام ھیچ پشتیوانییەک لەبەرهەمی نیشتمانی ناکرێت و تائێستاش ڕێگە بە ھاتنەناوەوەی مریشکی بەستوو دەدرێت".

وتیشی "حکومەت دەڵێت هەموو هەوڵێکمان بۆ پشتیوانی بەرھەمی ناوخۆییە، بەڵام خۆی وادەکات خەڵک بێزاربێت لە ھەوڵدان بۆ زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆیی، بەرھەمی مریشک لە ئێستادا لە گەورەترین زەرەردایە کە ھەر کیلۆ مریشکێک لەسەر خاوەن کێڵگە 2 ھەزار بۆ ٢ ھەزار و 100 دینارە، بەڵام لەناو کێڵگە مریشک کیلۆی بە 1600 دینار دەفرۆشرێت بەمەش زیانی زۆر بەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت و ڕووبەڕووی داخستنی چەندین کێڵگەدەبینەوە کە زیانی بۆ کوردستان دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا "لەھەرێمی کوردستان ھیچ پلانێک نیە و وەزیری پلان ئاگای لەھیچ کارێکی ئەم وڵاتە نیە ھەموو ئەو شتانەی لەناوخۆدا بەرھەمدێت بەرەو شکست دەڕوات بەھۆی بێ پلانی حکومەتەوە کە پشتیوانی ڕاستەقینە نیە بەردەوام نرخی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکان لەسەر وەبەرھێنەران زیاد دەکات".

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان پێشبینی ئەوە دەکات، ھەر کێڵگەیەکی پەلەوەری زیاتر لە 20 ملیۆن دینار زیانی بەربکەوێت لەم وەرزەدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure