وەرزی حەج
هەواڵ / چاوی تۆ :: 20/08/2018 :: 329 جار بینراوە
ھاوڕێ جەمال
رەنگە کۆمەڵە بابەتێک ھەبن بە کەڵکی ئەوە نەیەن لە کۆمێنتێک یان پۆستێکی فەیسبوک
تێڕوانین و بۆچوونی خۆمانیان لەسەر بڵێین بەڵام لەولایشەوە زۆرجار سەیر ئەکەی ئەو بابەتانە بابەتی گرنگ و جێ بایەخی ژیانی ھەریەک لە ئێمەیە.
دین رەنگە بەگشتی یەکێک بێت لەو بابەتانە بەڵام خۆ دینیش لەچەند فۆرم و شێوازی جیا خۆیمان لا نمایش دەکات کە یەکێک لەو فۆرمانە بەجێھێنانی فەریزەی حەجە لەلای موسڵمانان.
ئەوەی لێرەدا بەگرنگی ئەزانم لەسەر ئەم بابەتە بیخەمەڕوو، ھەڵسەنگاندنی بەجێھێنانی ئهم فەریزەیە نیە لەرووی مادییەوە کە چەندی تێدەچێت و بۆ کوێ ئەچێ؟ بەڵکو ئەوەی جێ بایەخی ئێمەیە لەوە تێبگەین ئایین زۆر لەوە فراوانترە کە لە چەند مەراسیم و
ئەرکانێکدا کورتی بکەینەوە کە کلتوری دینی بۆی جێھێشتووین.
ئەگەر ئەسڵی دین یەکتاپەرستی بێت، کە ھەر وایە، ئەوا ئەبێ ئەو راستیە قبوڵبکەین کە
ئەم یەکتاپەرستیە بە ئەندازەی ژمارەی بڕواداران بەخوا لەسەر ئاستی جیھان شێوە و شێوازی جیاواز لەخۆئەگرێ، کەدواجار ئەگەر بەزمانێکی عارفانە بدوێین ھەر خودی خۆی لە حەقیقەتی ئەو یەکتاپەرستیانە تێدەگات، دەشێ ئەم تێگەیشتنە بێ بۆیەکتاپەرستی
کە وا لە عارفێکی وەک حەللاج دەکات بێ دوودڵی لەبارەی حەجەوە بڵێ : چوونمان بۆ حەج دەمانگەیەنێتە ماڵی خوا بەڵام نامانگەیەنێتە لای خوا.