چوار لایەنە ناڕازییەكەی هەڕێم دەربارەی چوونە بەغدا بڕیاریاندا

هەواڵ / کوردستانی :: 19/08/2018‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ئەندامێكی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، هەر چوار لایەنەكەی هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەسەر ئەوەی بەیەكەوە فراكسیۆنێكی هاوبەش پێكبهێنن لە پەرلەمانی عێراق و كارەكانیان بەیەكەوە ئەنجامبدەن.


مەروان گەڵاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند، ئێمە پلان و بەرنامەی خۆمانمان دانابوو وەك چوار لایەنەكە ئەگەر بێت و دادگای فیدراڵی ئەنجامەكان پەسەند بكات، ئێمەش كاری خۆمان دەكەین و ئەوەبوو دوای چەندین كۆبوونەوەی نێوان (كۆمەڵ، یەكگرتوی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و بزوتنەوەی گۆڕان) بڕیاردرا بەیەك كوتلە و فراكسیۆن بڕۆینە پەرلەمانی عێراق".

 

وتیشی" رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی هەر چوار لایەنەكە كە كۆی كورسییەكانیان دەكاتە 11 كورسی پەرلەمانی عێراق، بەیەكەوە دەبن بەیەك فراكسیۆن و پڕۆژە و بەرنامەی خۆیان دەبێت، لە پەرلەمانی عێراق بەیەكەوە كاردەكەن".

 

مەروان گەڵاڵی  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، فراكسیۆنەكە ناوێكی تایبەتی دەبێت و كاردەكات بۆ مافەكانی كورد و بەرگری و داكۆكیار دەبێت لەو پرسانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستان و حكومەت و خەڵكەوە هەیە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure