با پێكەوە مێژوویەكی نوێ بنووسینەوە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 19/08/2018‌ :: 760‌ جار بینراوە

ئومێد بابان
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان، ڕێكەوتی 5ی مانگی داهاتووی وەك یەكەم ڕۆژی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان دیاریی كردووە و ئەنجومەنی كۆمسیارانیش وادەكەی پەسەند كردووە.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بێت، ڕۆژی30ی ئەیلولی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و حزبە سیاسییەكانیش كێبڕكێ لەسەر بردنەوەی111 كورسیی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

تا ئێرە ئاساییە و ئەگەر ناكۆكییەكی هاكەزایی و زارەكییش لەسەر وادەی هەڵبژاردن هەبێت، نۆرماڵە و بەرەبەرە خەریكە ئەو وردە ناكۆكییەش (كە پتر لە میدیادا زەقكراوەتەوە)، نامێنێت.

بەڵام، ئەوەی شایانی قسەلەسەركردن و هەڵوەستە بێت، چۆنیەتی و شێواز و فۆڕمی بانگەشەی هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستاندا، كە بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەزموونێكی باشمان لەو ڕووەوە نییە و ڕێسا و یاسا باوەكانی هەڵبژاردن وەك خۆیان پیادەنەكراون.

هەر بۆ وێنە، لە دواهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بینیمان چۆن هەندێك لایەنی سیاسی جگە لە شكاندنەوە و ڕەتكردنەوە و ناوزڕاندن، تەنانەت كەسایەتیی كاندیدەكانی یەكتریشیان خستە بەر نەشتەریی برینداركەر و بگرە پەلاماری ژیانی خێزانی و تایبەتی بەشێك لە بەربژێرەكانی بەرامبەر و ڕكابەرەكانیان دا، نەخاسمە ئافرەتانیش كە زۆرترین زیانی مەعنەوییان بەو هۆیەوە بەركەوت.

بەهەرحاڵ، دەشێ ئەو تەجرەبە تاڵەی پێشوو و پێشووتر سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن هەمانبووە، بەلاوەی بنێین و بیكەینە ڕابردوو، ڕابردوویەك كە هەرگیز ئاوڕی لێنەدەینەوە، چونكە پڕیەتی لە سووكسەرنجدانی یەكتری، تژییە لە پەلاماردان و زەڕبی سفركردنی خەبات و تێكۆشانی ئەوسا و ئێستاش، بەتاڵە لە هەموو بەها باڵاكان. با لەجیاتی ئەوە، كار و چالاكی و دڵسۆزی و خەمخۆریی خۆمان لە ئێستا و ڕابردووشدا، لە ڕاگەیاندن و ناو خەڵكیشدا، بكەینە پرۆگرام و بەرنامەی بانگەشە، بانگەشەیەك دوور لە شەڕەپەڕۆ، شەڕەلێدوان، شەڕەشكاندنەوە، شەڕە هەڵدانەوەی مەلەف و مەلەفكاری و.. تادوایی.   
 
دواجار، دەشكرێ بانگەشەی هەڵبژاردن بكرێتە بۆنەیەك بۆ (ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان، دەستخستنەناو دەستی یەكتر، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بەرامبەر نەیارانی كوردستان، خاڵیبوونەوە لە ڕق و بوغز و هەڵچوونی بێبنەما، لێكنزیككردنەوەی دەزگا میدیاییەكان بەرەو ئامانجێكی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی، پاراستنی شكۆ و كەرامەت و سەروەریی نەتەوەیەكی غەدرلێكراوی بەناحەق چەوسێندراوە، یەكخستنی دەنگ و ڕەنگ و سەنگی تێكڕای حزب و كیانە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانیش بە جیاوازیی بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیاشەوە، كردنەوەی دەرگای لێبووردەیی و ڕێزگرتن و مجامەلەی مەدەنیانەی سەردەمیانە).

وەرن، با پێكەوە نیشتمانێكی جوان بنیات بنێین كە نموونە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، با پایەكانی دیموكراسی لەو هەرێمەدا قایمتر بكەین، با چێژ لە خۆشویستنی یەكدی وەربگرین، با پێكەوە مێژوویەكی نوێ بنووسینەوە.     



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure