گه‌شتوگوزارى سلێمانى: ئاماده‌كارى ته‌واومان بۆ هاتنى گه‌شتیاران كردوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 19/08/2018‌ :: 444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانیان كردوه‌ بۆ هاتنى گه‌شتیاران، ده‌شڵێت "پێشبینى ده‌كه‌ین رێژه‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار روو له‌ پارێزگاكه‌مان بكات".


عه‌لى ڕه‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى پێویستمان  بۆ پێشوازیى له‌ گه‌شتیاران كردووه‌، هه‌ر له‌ تیمه‌كانى ناوشار و بازگه‌كان و لیژنه‌ى پێشوازى و لیژنه‌ى ئه‌منى له‌گه‌ڵ قایمقامیه‌ت".

وتیشى "سه‌رجه‌م رێستۆرانت و میوانخانه‌كانمان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژانى جه‌ژندا به‌ رووى گه‌شتیاراندا كراوه‌بن، لیژنه‌شمان بۆ داناون هه‌ر شوێنێك كراوه‌ نه‌بێت به‌پێى یاسا سزا ده‌درێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "جه‌ژنى رابردوو نزیكه‌ى 140 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى كرد، بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ش پێشبینى ده‌كه‌ین رێژه‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار روو له‌ پارێزگاكه‌مان بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رى دابه‌زینى دراوى تمه‌ن له‌سه‌ر هاتنى گه‌شتیارى ئێرانى، عه‌لى ره‌ئوف وتى "دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى ئێرانى رسوماتێكى زۆرى له‌سه‌ر هاووڵاتیه‌كانى خۆى داناوه‌ كه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كى زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ر هاتنى گه‌شتیارانى ئێرانى بۆ هه‌رێمى كوردستان".

باسى له‌وه‌شكرد "په‌یوه‌ندى له‌ نێوان گروپه‌كان و كۆمپانیاكانى سلێمانى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق هه‌یه‌ بۆ هێنانى گه‌شتیار بۆ پارێزگاكه‌مان و ئه‌وه‌ش زۆرباشه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە