دوو بەرپرسی باڵای کەرکوک بانگهێشتی دادگا دەکرێن

هەواڵ / کوردستان :: 19/08/2018‌ :: 595‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
دادگای فیدراڵی له‌به‌غدا داوایكردووه‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ دوو به‌رپرسی باڵای كه‌ركوك ئاماده‌ی به‌رده‌م دادگاكه‌ بن كه‌ بریتین له‌ راكان سه‌عید جبووری پارێزگاری كاتی كه‌ركوك و جه‌لیل ئیبراهیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق.


بانگهێشتكردنیشیان په‌یوه‌ندی به‌دۆسێی لابردنی قایمقامی قه‌زای داقوقه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ناوبراو سكاڵای له‌سه‌ر هه‌ردوو ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌دادگای فیدراڵی و ئیداری تۆماركردووه‌.

ئه‌میر خواكه‌ره‌م قایمقامی له‌سه‌ركارلابراوی داقوق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئاب به‌دواڕۆژی وت "دوای ئه‌وه‌ی راكان جبووری پارێزگاری كاتی كه‌ركوك وه‌ڵامی نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تییەكه‌می نه‌دايه‌وه‌ له‌باره‌ی دورخستنه‌وه‌م له‌پۆستی قایمقام، بۆیه‌ له‌دادگای فیدراڵی سكاڵام له‌دژی تۆماركرد".

وتیشی "له‌13ی ئه‌م مانگه‌ دادگای فیدراڵی وه‌ڵامی سكاڵاكه‌می داوه‌ته‌وه‌و بڕیاریداوه‌ بەبانگهێشتكردنی راكان جبووری و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق تا له‌باره‌ی دورخستنه‌وه‌م له‌پۆستی قایمقامی قه‌زای داقوق وته‌ له‌هه‌ردووكیان وه‌ربگرێت".

له‌21ی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق بڕیاریدا به‌دورخستنه‌وه‌ی ئه‌میر خواكه‌ره‌م له‌پۆستی قایمقامی داقوق، به‌تۆمه‌تی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌قه‌زاكه ‌و رێگەدان به‌جێگیربوونی په‌كه‌كه‌ له‌سنوره‌كه ‌و ئه‌نجامدانی راپرسی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌شاره‌كه‌دا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە