گه‌وره‌ كڕیاره‌كانى نه‌وتى ئێران كێن؟

هەواڵ / ئابوری :: 20/08/2018‌ :: 221‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌گه‌رچى ئه‌مریكا توانایه‌كى زۆرى خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى تا رۆژى 4 ى مانگى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ، هاوپه‌یمانه‌كانى رازى بكات بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى كڕینى نه‌وتى ئێران بۆ (سفر) دابه‌زێنن، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌، له‌ نموونه‌ى چین و هندستان، له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان له‌و پرۆسه‌یه‌ ببه‌خشرێن یاخود هیچ نه‌بێت مه‌رجگه‌لى تایبه‌تیان بۆ دابنرێت.

 
به‌ پێى زانیاریه‌ ئه‌وروپاییه‌كان، ده‌وڵه‌تى ئێران له‌ ساڵى 2017 دا نزیكه‌ى 50 ملیار دۆلار داهاتى كۆكردووه‌ته‌وه‌، زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌و بڕه‌ش له‌ نه‌وت-ه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌.

ئێران له‌ رۆژێكدا 3 ملیۆن و 800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات، له‌و بڕه‌ش 20%ى یه‌كێتى ئه‌وروپا و 70%یشى چین و ده‌وڵه‌تانى ئاسیا  ده‌یكڕن.

لێره‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ دیارترین كڕیاره‌كانى نه‌وتى ئێران و ئه‌وبڕه‌ نه‌وته‌ى كه‌ ده‌كڕن ده‌خه‌ینه‌ڕوو:

-چین: چین گه‌وره‌ترین كڕیارى نه‌وتى ئێرانه‌ و ته‌نیا له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى ئه‌م ساڵى 2018یه‌دا، رۆژانه‌ نزیكه‌ى 675 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى لێوه‌ هاورده‌كردووه‌. 

-هندستان: دواى چین هندستان، دووه‌م گه‌وره‌ترین كڕیارى نه‌وتى ئێرانه‌. ئه‌میش له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا بڕى 597 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌ نه‌وتى خاوى ئێرانى كڕیوه‌.

-یه‌كێتى ئه‌وروپا: رێكخراوى یه‌كێتى ئه‌وروپا وه‌ك یه‌ك قه‌واره‌، ده‌بێته‌ سێیه‌م گه‌وره‌ترین كڕیارى نه‌وتى ئێران، ئه‌میش له‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا نزیكه‌ى 516 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌ نه‌وتى له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ كردووه‌. مانگى رابردوو له‌ گه‌رمه‌ى هه‌وڵه‌كانى ئه‌مریكا بۆ راكێشانى هاوپه‌یمانه‌كانى خۆى تا گه‌مارۆى سووته‌مه‌نیى بخه‌نه‌ سه‌ر ئێران، فیدیریكا مۆغیرینى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا رایگه‌یاند "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌ورپادا، داوایه‌كى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان-یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ بۆ دابڕینى تاران و گۆشه‌گیركردنى ئێران له‌ڕووى ئابورى و بازرگانیى سووته‌مه‌نییه‌وه‌ و بڕیاریان داوه‌ كار بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ى یاسایى له‌پێناو مانه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى رێكخراوه‌كه‌ و ئاڵووێرى بازرگانیى له‌گه‌ڵ ئێران و پاراستنى یاساییانه‌ى كۆمپانیا گه‌وره‌ ئه‌ورپاییه‌كانى ناو ئێران له‌و گه‌مارۆ و سزایانه‌ى كه‌ واشنتۆن به‌سه‌ر تاران-دا ده‌یسه‌پێنێت".
  
-كۆریاى باكور: ئه‌م وڵاته‌ى ئاسیا چواره‌م گه‌وره‌ترین هاورده‌كارى نه‌وتى ئێرانه‌. ئه‌میش له‌ نیوه‌ى رابردووى ئه‌مساڵدا نزیكه‌ى 286 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى ئێرانیى له‌ رۆژێكدا كڕیوه‌. به‌ڵام كۆمپانیاكانى كۆریاى باشور ئاماده‌یى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ملكه‌چى بڕیارى گه‌مارۆكانى ئه‌مریكاى سه‌ر ئێران بن و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیان كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى.

توركیا: پێنجه‌م گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تى كڕیارى نه‌وتى ئێران له‌ دواى چین و هندستان و یه‌كێتى ئه‌وروپا و كۆریاى باشور، ده‌وڵه‌تى توركیایه‌. ئه‌م وڵاته‌یش له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى نیوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م ساڵى 2018یه‌دا، رۆژانه‌ 176 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى له‌ ئێران كڕیوه‌.

حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ به‌ئاشكرا بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت توركیا به‌رده‌وام بێت له‌ هاورده‌كردنى نه‌وتى ئێران، ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌كانى ئێستاى نێوان ئه‌مریكا و توركیا ئاڵۆزتر ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه‌ حاڵى حازر خودى حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ له‌لایه‌ن واشنتۆن-ه‌وه‌ سزا ده‌درێت.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure