بازرگانانى كۆفرۆشی توركیا بە هۆی دابەزینی لیرە مەترسییەک دەخەنەڕوو

هەواڵ / ئابوری :: 19/08/2018‌ :: 298‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بازرگانانى كۆفرۆشى (تجار جملة)ى شارى دیاربه‌كر له‌ باشورى خۆرهه‌ڵاتى توركیا رایده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر لیره‌، خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان كه‌مبووه‌ته‌وه‌و جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخى ئێستا به‌رده‌وام بێت تا سێ مانگى به‌رگه‌ناگرن.


به‌پێى راپۆرتێكى سایتى زه‌مانى توركی، بازرگانانى توركیا به‌هۆى پاشه‌كشه‌ى به‌هاى لیره‌ به‌رامبه‌ر دۆلار، خواست له‌سه‌ر كڕینى به‌رهه‌مه‌كانیان كه‌میكردوه‌.

حسێن كوڵداش، كه‌ بازرگانێكى كه‌لوپه‌لى ئۆفیسه‌ رایگه‌یاندوه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر لیره‌، كاریگه‌ر گه‌وره‌ى كردووه‌ته‌ سه‌ر بازاڕ و جۆرێكيش له‌ دوودڵى و راڕایی و ناڕوونى باڵى به‌سه‌ر بازاڕه‌كاندا كێشاوه‌.

كوڵداش ده‌ڵێت "نازانین به‌یانى چى رووده‌دات و زۆر دوودڵین له‌سه‌ر ئاینده‌ و ناچارین به‌قه‌رزى دوور كاڵاكانمان بفرۆشین و كڕیاره‌كانیشمان پاره‌ى كاشیان پێنیه‌".

ئه‌جدیر جولسیفیر، بازرگانى بوارى ئه‌لیكترۆنیه‌ له‌ شارى دیاربه‌كر رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر بارودۆخى ئێستا به‌رده‌وام بێت، زیاتر له‌ سێ مانگى دیكه‌ به‌رگه‌ ناگرین".

جولسیفیر ده‌ڵێت "به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر لیره‌ كاری كردووه‌ته‌سه‌ر كاره‌كانمان، چیتر ناتوانین كاڵاكانمان بفرۆشین، پێشتر كاڵام به‌ 70 لیره‌ ده‌فرۆشت، ئێستا به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار نرخه‌كه‌ى بووه‌ به‌ 100 لیره‌، جگه‌ له‌وه‌ش كڕیاره‌كانمان ناتوانن پاره‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها رۆژانه‌ 500 لیره‌ كرێ ده‌ده‌ین، له‌ ئێستاشدا به‌ناچارى به‌قه‌رز و به‌ چه‌ك مامه‌ڵه‌ دەکەین و شت ده‌فرۆشین، ئه‌م قه‌یرانه‌ش ئێستا به‌ته‌واوى بازرگانه‌ بچوكه‌كانى بێبازار كردووه‌".

كازم بایرامیش، كه‌ بازرگانه‌و ده‌رباره‌ى لێداوانه‌كانى حكومه‌ت كه‌ پێیوایه‌ قه‌یرانى ئابوورى نییه‌، ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر قه‌یران نییه‌، بۆ رۆژمان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یشتووه‌و نرخى كاڵاوشمه‌ك و خۆراك به‌رده‌وام به‌رزده‌بێته‌وه‌، خێزانه‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان زه‌رمه‌ندى یه‌كه‌من".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure