دوای 60 ساڵ چیرۆكی دزینی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار سەرهەڵدەداتەوە

هەواڵ / جیهان :: 18/08/2018‌ :: 1042‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
مانگی 10ی ساڵی 1958 گەنجێكی كەنەدی بڕی 261 هەزار دۆلاری كەنەدی لە بانكێك دزی و رایكرد، كە خۆی لەو بانكە ئیشی دەكرد.

بیۆن لۆستەر جۆنسن، ئەو گەنجە بوو كە پارەكەی دزی، ئەو تەمەنی 27 ساڵ بوو، بیۆن توانی تەنیا 17 رۆژ لەدەست یاسا هەڵبێت، دواتر دەستگیركرا و چوار ساڵ زیندانیكرا.

ئەو گەنجە دوای 60 ساڵ دەگەڕێتەوە ئەو بانكەی دزی لێكردبوو، بەڵام ئەمجارە شوێنەكەی گۆڕابوو. بانك نییە و چێشتخانەیە. 

بیۆن، چیرۆكی دزیكردنەكەی بۆ كارمەندەكانی چێشتخانەكە گێڕایەوە.

ئەو وتی "بڕی ئەو پارەیەی لە بانكەكە لە كاتیی خۆی دزیم، بەهاكەی بەبڕی دوو ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری ئەمریكی بووە، بۆیە بەشێوەیەكی فراوان گەڕان بەدوامدا بەردەوام بوو".

بە كارمەندەكانی وتبوو، هێزە ئەمنییەكانی ئەو كاتە بە خەڵكییان وتبوو، هەر كاتێك كەسێكی كەشخە و قۆزتان بینی لە یانە شەوانەكاندا و سەرقاڵی رابواردن بوو لەگەڵ خانماندا ئاگاداریان بكەنەوە.

ئەو شوێنەی بە دوای دزەكەدا دەگەڕان، لە دینیفر بوو لە ویلایەتی كولۆرادۆ لە ئەمریكا.

 هێزە ئەمنییەكان بڕی 10 هەزار دۆلاریان وەكو دیاری دانابوو بۆ ئەو كەسەی زانیاری لەبارەی بیۆنەوە دەدات.

دزەكە لە درێژەی چیرۆكەكەیدا باسی ئەوەی كردبوو، لە یەكێك لە یانە شەوانەكانی دینیفر، سەرقاڵی شەراب خواردنەوە بووە.

وتیشی " كچێك زانیاری لەسەر من دابووە پۆلیس، ئەویش لەسەر ئەوە گومانی كردبوو، پۆلیس لەبارەی شێوەمەوە زانیاری بڵاوكربووەوە، من ئەو کەسەبم پۆلیس بە دوامدا دەگەڕێت".

بەمشێوەیە باسی كچەكەی كرد، ئەو بە پۆلیسی وتبوو، من كەسێكی لەو شێوە دەناسم، دەتوانم بیهێنمە یانەیەك، ئەگەر ئەو بوو دەستگیریی بكەن و ئەو پارەیەی دیاریتان كردووە وەكو خەڵات بمدەنێ.

بیۆن وتی "رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پۆلیس بردە سەر و من كاتێك سەرقاڵی خواردنەوە بووم لەگەڵ ئەو خانمەدا، دەستگیركرام".

ئەو لەبارەی دزیی كردنەكەیەوە وتیشی "من دز نەبووم، یەكەم جارم دزیی بكەم حەزم لێبووە، بزانم پارەم هەبێت ژیانم چی بەسەر دێت، بەڵام هیچ شتێك ئەوەندەی ئازادیی بە نرخ نییە".

باسی ئەوەشیکرد، لەو ماوەیەی لە زینداندا بووە، هاوسەرەكەی چاوەڕوانی كردووە و دواتر ژیانێكی ئاسایی دەستپێكردووە.

ئەو شوێنەی ئەو پارەكەی لێدزیوە، ئێستا لە چێشتخانەكە، شوێنی دانانی شوشەی خواردنەوەكانە و وێنەیەكی ئەویش لە چێشتخانەكە هەیە.

 

و. پەری



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure