ده‌رباره‌ى زیاده‌ڕه‌ویى له‌ رۆژانى جه‌ژندا شاره‌وانى هۆشدارى ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 18/08/2018‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشدارى توند ده‌داته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى به‌نیازن له‌ پشووه‌كانى جه‌ژندا ده‌ست به‌ دروستكردنى خانوو له‌سه‌ر زه‌وى و موڵكى گشتى بكه‌ن، قایمقامیش ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رۆژانى جه‌ژن ده‌خاته‌ڕوو.


كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ى ئابى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستى رێگریكردن له‌و هاوڵاتیانه‌ى به‌نیازن له‌ رۆژانى پشووى جه‌ژندا له‌سه‌ر زه‌وى شاره‌وانى و موڵكى گشتى ده‌ست به‌ دروستكردنى خانوو و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون بكه‌ن، چه‌ند لیژنه‌یه‌كى گه‌ڕۆكمان پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ن كه‌ گومان ده‌كرێت زیاده‌ڕه‌وییان بكرێته‌سه‌ر.

وتیشى، هۆشدارى ده‌ده‌ینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ به‌نیازى كارێكى وان، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ى تاپۆكردنیان بۆ ئه‌نجام ناده‌ین و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووى سزاى یاساییان ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ داواكارین هاوڵاتیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ رۆژانى پشوودا بیر له‌وه‌ها كارێك نه‌كه‌نه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستى رێگریكردن له‌هه‌ر رووداوێكى نه‌خوازراو لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌ت خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌، لیژنه‌كانى ناو بازاڕیش له‌ماوه‌ى ئه‌م دوو رۆژه‌دا به‌وردى چاودێرى نرخه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند كه‌سێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان هه‌وڵى ساغكردنه‌وه‌ى خۆراك و شمه‌كى ماوه‌به‌سه‌رچوو نه‌ده‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كڕین و به‌كارهێنانى یارییه‌ ئاگرینه‌كان له‌ رۆژانى جه‌ژندا قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر دوكانێك ئه‌و یارییانه‌ بفرۆشێت ده‌ستیان به‌سه‌رداده‌گرین و به‌گوێره‌ى یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure