قایمقامی خورماتوو: هێزێكی هاوبه‌ش لەنه‌ته‌وه‌كانی شارەکە داده‌مه‌زرێنرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/08/2018‌ :: 517‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
قایمقامی خورماتوو رایدەگەیەنێت "به‌مه‌به‌ستی هاوسه‌نگی هێز له‌خورماتوو فه‌وجێك له‌هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا دروستده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان وه‌كو یه‌ك مافی دامه‌رزاندنیان تێدا هه‌یه".


حه‌سه‌ن زه‌ین عادبن قایمقامی نوێی خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق فه‌وجێك له‌هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌خورماتوو داده‌مه‌زرێنن و بۆ ئه‌مه‌ش كورد و عه‌ره‌ب و توركمان هه‌ر یه‌كه‌یان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ 150 كه‌س له‌و فه‌وجه‌ دابمه‌زرێنن".

وتیشی "ئه‌م هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆیان بپارێزن و هه‌وڵێكه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی خورماتوو و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی هێز بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ بتوانن بێ كێشه‌ و گرفت ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن".

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكە له‌ خورماتوو، مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی ده‌ستی كردووه‌ به‌ ناو نووسین هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ی ناو ده‌نوسن پێیانوایه‌ بۆ دامه‌زراندنیانە بۆ هێزه‌ نوێیه‌كه‌، به‌ڵام به‌ وته‌ی خۆیان بۆ پۆلیسی ناوخۆیە.

سیروان حه‌بیب سه‌رپه‌رشتیاری لیژنه‌ی ناونووسینه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "وه‌كو یه‌كێتی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ناونووسین له‌ سنووره‌كه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ 200 گه‌نجیان تۆماركردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ناوانه‌ بۆ دامه‌رزاندن نییه‌ له‌هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا".

وتیشی "هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ فه‌رمانی پێده‌كرێت هه‌ر ماوه‌یه‌ك ره‌وانه‌ی ناوچه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێیانوایه‌ ئه‌و هێزه‌ هی خورماتوو نییه ‌و باشتر وایه‌ هه‌وڵبدرێت لەناو ڕیزه‌كانی پۆلیسی ناوخۆ و فریاكه‌وتن ڕێژه‌ی كورد زیاد بكرێت.

سیروان حه‌بیب، باسی له‌وه‌كرد، ئه‌و ناوانه‌ی تۆماری ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پاكێجێكدا ئاماده‌ی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی سه‌ردانی شاندی یه‌كێتی بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌، بتوانن له‌ڕیزه‌كانی پۆلیس دامه‌زراندنیان بۆ بكرێت، هه‌روه‌ها مافی كورد له‌ڕووی پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی دیكه‌وه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌مووی به‌ ده‌ست یه‌ك نه‌ته‌وه‌وه‌یه.

سه‌باره‌ت به‌ دامه‌رزاندن له‌ ڕیزی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، موقه‌ده‌م عه‌بد ئه‌میر حه‌مداوی وته‌بێژی ئه‌و هێزه‌ له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "هیچ فه‌رمانێكیان بۆ نه‌هاتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی فه‌وجێكی نوێی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ سنووری خورماتوو بۆ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان". 

لاوان رزگار گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵی دانیشتووی خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ خورماتوو داواكاری پێشكه‌ش كردووه‌ و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا دامه‌رزاندنیان بۆ بكرێت".

وتیشی "هیچ ئیشوكارێكی ئه‌وتۆ له‌ ناوچه‌كه‌ نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵكێكی زۆر داواكاری پێشكه‌ش ده‌كات بۆ دامه‌زراندن به‌ تایبه‌تی كه‌ مووچه‌ی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا باشه".

له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد، حكوومه‌تی عێراق بڕیاریدا به‌ ڕاده‌ستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و ئه‌م هێزه‌ به‌هۆی بێ لایه‌نی و راگرتنی هاوسه‌نگی بوونەتە هۆكارێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوردی ناوچه‌كه‌ و له‌ئێستادا هاووڵاتیانی كورد زیاتر متمانه‌یان به‌م هێزه‌ هه‌یه.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌وجه‌ له‌ ئێستادا نه‌ته‌وه‌كانی تو‌ركمان و عه‌ره‌ب ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ناونوسین و ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوی گه‌نجه‌كانی خۆیان بۆ دامه‌زراندن به‌رزبكه‌نه‌وه.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure