مریشكێك لامان گرنگترە یان درەختێك؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 18/08/2018‌ :: 253‌ جار بینراوە

مەعروف مەجید *  

ئێمەی مرۆڤ هێندەی بۆ لەزەتێكی كاتيی هەوڵدەدەین نیوهێندە بۆ كارێك هەوڵنادەین كە پەیوەستە بە ژیانی خۆمان ‌و نەوەكانی داهاتوومانەوە. ئێمەی مرۆڤ خۆمان هۆكارین بۆ تێكدان‌ و لەناوبردنی ژینگە، بەڵام دێین‌ و داوا دەكەین ژینگە خزمەتمان بكات.

لەسەر گۆی زەوی-دا هیچ بوونەوەرێك هێندەی مرۆڤ دژی ژینگە نییە، هەر لە پیسكردنی هەوا و وێرانكردنی خاك‌ و بەفیڕۆدان‌ و پیسكردنی ئاو، تادةطاتة شێواندنی سروشت ‌و قڕكردنی باڵندە و ئاژەڵەكانی. كەسمان لەماوەی تەمەنماندا نەمانبینی بوونەوەرێك لە فەزایەكی ترەوە هاتبێت ‌و ژینگەی پیسكردبێت، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە خۆمان بوینەتە هۆكاری پیسبوون ‌و گرفت دروستكردن بۆ ژینگە.

پیسبوونی ژینگە بە دوو هۆكار دەبێت، ئەوانیش: پیسبوونی سروشتی ‌و پیسبوونی دەستكرد یاخود دروستكراو.
پیسبوونی سروشتی: بریتییە لەو گۆڕانكارییەی كە لە ژینگەدا ڕوودەدات بەهۆی چەند ڕووداوێكی سروشتییەوە وەك (باران، سووتان، طرِكان، لافاو، بومەلەرزە، تۆز و خۆڵ...). ئەم گۆڕانكاریە سروشتییانە چەند كێشەیەكی لێدەكەوێتەوە گەورەترین‌ و بەرچاوترینیان دروستبوونی چەندین گازی ژەهراوییە بەهۆی تەقینەوەی طرِكانەكان وەكو گازی میسان بەهۆی كانە كانزاییەكانەوە.

 لەبەرامبەریشدا پیسبوونی ژینگە كە مرۆڤ هۆكاری سەرەكییەتی، بریتییە لە هەر گۆڕانكارییەك لە ژینگەدا كە لە ئەنجامی چالاكیەكانی مرۆڤەوە روودەدات بەهۆی كشتوكاڵ، دروستكردنی بینا، پیشەسازيی زۆری تر وەكو: پاشەڕۆكانی ئاو و قڕكەرەكان لە كشتوكاڵدا و پێویستی وزە وەكو لە گواستنەوە و بەرهەمهێنان، پاككەرەوەكان وەكو (تووێنەرەوەكان، ترشەكان، لاستیك، پلاستیك، كانزاقورسەكان) كە ئەمانە شی-نابنەوە تەنها مەگەر بە كرداری دووبارە گەڕانەوە نەبێت.
ئەگەر تەماشا بكەین هەموو ئەم هۆكارانە كە ژینگە پیس دەكەن لەلایەن مرۆڤەكانەوە خولقێنراون. یەكێك لە فاكتەرە سەرەكیەكانی پیسبوونی ژینگە زۆربوونی لەڕادەبەدەری ژمارەی ئۆتۆمبیلە، ئةمة شارە گەورەكان تووشی دیاردەیەك دەكات كە پێی دەڵێن "تەمومژی دووكەڵاوی"، ئەمەش هۆكارەكەی مرۆڤە. بەڵام بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی خۆمان هۆكاری پیسبوونی ژینگەین بەڵام لامان گرانە كە خزمەتی ژینگە بكەین.

لە ماوەی نۆ ساڵی كاركردنم بۆ خزمەتی ژینگە، بەداخەوە ئەوەی من لە هاووڵاتیانم بینیوە ناڵێم هەموویان، بەڵام بەشێكی زۆریان، كەمیان لە هەوڵی خزمەتی ژینگەدا بوون، زیاتر ویستوویانە خەڵكی خزمەتی ژینگەكەیان بكات نەك خۆیان. زۆرجار باسمان لەوەكردووە كە هەڵمەتی نەمامچاندن لە گەڕەك‌ و شوێنە گشتییەكان ئەنجام بدەین، بەداخەوە كەمترین بەدەمەوەهاتنی خەڵكی هەبووە، زۆر دەگمەن بووە كە هاووڵاتییەكی بەڕێز بێت‌ و بڵێت خۆم نەمامەكە دەكڕم یان من چەند نەمام‌ و درەختێك دەكڕم هاوكارتان دەبم، زۆرترین كەس پەیوەندییان پێوەكردووین كە ئەگەر نەمامەكان بێ‌ بەرامبەر دەستیانبكەوێ‌ ئەوا ئامادەن بەشداريی بكەن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات دارودرەخت‌ و سەوزایی لەگەڵ ئەوەی گرنگییەكی زۆری بۆ ژینگە هەیە، كاریگەريی ئەرێنیشی لەسەر تەندروستيی مرۆڤ دەبێت‌ و ئەگەری تووشبوون بە چەند كێشەیەكی تەندروستی كەمدەكاتەوە.

كەواتە ئەگەر بێ‌ پارە بێت ئەوا دۆستی ژینگەین، بەڵام ئەگەر بە پارە بوو ئەوا دۆستی نین، جێگای داخە هاووڵاتی وا هەیە دەتوانێ‌ تەنها بە پارەی دووكانەكەی یان پارەی كارەكەی هەزاران نەمام‌ و درەخت بكڕێت، بەڵام هاتووە داوای یەك درەخت دەكات كە پارەكەی نرخی مریشكێكە!!!

من دەڵێم هەركات ئێمە درەختێك یان نەمامێكمان لە مریشكێك یان خواردنێك یان كیلۆیەك میوە خۆشترویست، ئەوا دڵمان بەوە خۆشبێت ئێمە میللەتێكی ژینگەدۆستین‌ و ژینگەمان خۆشدەوێ‌، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئێمە بووینەتە هۆكاری پیسبوون ‌و خراپكردنی ژینگە، بەداخەوە نیوهێندە لەبیری ئەوەدانین ژینگەكەمان خاوێن بكەینەوە.

* سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure