ئه‌مریكا: هیچ پاره‌یه‌ك بۆ سوریا خه‌رج ناكه‌ین

هەواڵ / جیهان :: 17/08/2018‌ :: 577‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ، باڵیۆزى پێشوى ئه‌مریكاى له‌ عێراق كردووه‌ته‌ راوێژكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى سوریا و ده‌شڵێن "ئه‌مریكا هیچ پاره‌یه‌ك بۆ سوریا ته‌رخان ناكات".


ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى ئاب، هێزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانى ئاسایى خۆیدا باسى قه‌یرانى سوریا كرد و رایگه‌یاند "ئه‌مریكا ئاماده‌ نیه‌ هیچ پاره‌یه‌ك بۆ سوریا خه‌رج بكات تاوه‌كو پڕۆسه‌ى ئاشتى راسته‌قینه‌ له‌و وڵاته‌ له‌ژێر چاودێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكاندا ده‌ستپێنه‌كات".

له‌باره‌ى مانه‌وه‌ هێزه‌كانیان له‌ سوریا وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ وتیشى "هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا ده‌مێننه‌وه‌ و ته‌ركیز ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شه‌ڕى كۆتایپێهێنانى داعش".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئیداره‌ى ئه‌مریكا بڕیاریداوه‌، جه‌یمس جێفرى كه‌ وه‌ك باڵیۆزى ئه‌مریكا  پێشوتر له‌ له‌ توركیا و عێراق و ئه‌لبانیا كاریكردووه‌ و جێگرى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ بووه‌ له‌ ئیداره‌كه‌ى جۆرج بوش، بكاته‌ راوێژكارى مارك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وڵات بۆ كاروبارى سوریا.

ئه‌م قسانه‌ى وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ڕۆژى 15ى ئاب، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و ستافا دیمستۆرا، نوێنه‌رى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سوریا له‌ ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure