دواڕۆژ شێوازى پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/08/2018‌ :: 4542‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
بۆ كاروباره‌كانى دروستكردن و پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بڕیاره‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم پێكبهێندرێت، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتووچۆى شاره‌كه‌ش پێشنیارێك سه‌باره‌ت به‌ تابلۆى ژماره‌ (1 تا 99) ده‌خاته‌ڕوو.

 
عه‌قید فازیل حه‌مه‌ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى ئابى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێستا بابه‌تى پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ قۆناغێكى باشى بڕیوه‌ و ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراقیمان وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ له‌ نێو هاوڵاتیاندا قسه‌وباسێكى زۆر بكرێت له‌سه‌ر شێوازى پێدانى تابلۆ به‌ هاوڵاتیان.

وتیشى، لیژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كه‌ نوێنه‌رى هاتوچۆ و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى تیادا ده‌بێت پێكده‌هێنرێت بۆ چۆنیه‌تى پێدانى تابلۆ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێشنیارمان كردووه‌ كه‌ ژماره‌ (1 تا 99) بدرێته‌ كۆمپانیایه‌ك به‌ نرخێكى زۆر بفرۆشرێن و دواتر داهاته‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا خه‌رج بكرێته‌وه‌ بۆیه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانین وه‌ڵامى ئه‌و پێشنیاره‌مان بداته‌وه‌.

رۆژانى 6 تا 8ى ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق ره‌زامه‌ندى نیشاندا له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌نێوانیاندا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ رێگه‌پێدان به‌ دروستكردنى تابلۆ به‌ناوى پارێزگاكه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، تائێستا هیچ نرخێك بۆ تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كان دیارینه‌كراوه‌، دواتر له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنه‌یه‌وه‌ دیارى ده‌كرێت.

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونمان بۆ پێدانى تابلۆ، هاوڵاتیان ده‌توانن هاوشێوى پارێزگاكانى دیكه‌ تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ سه‌ر پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بگۆڕن ئه‌گه‌ر خواستیان له‌سه‌رى بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure