بۆ جێبه‌جێكردنى 176 پڕۆژه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستى به‌ 74 ملیار دینار هه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/08/2018‌ :: 470‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌پێى راپۆرتێكى رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ كۆى پێویستى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ 75 ملیار دینار بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانى، حكومه‌ت ته‌نها یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن دینارى بۆ شاره‌كه‌ دابینكردووه‌.


هه‌ریه‌ك له‌ رێكخراوى NEDى ئه‌مه‌ركیى و رێكخراوى هه‌ڵوێست به‌ ئاماده‌بوونى به‌رپرسانى ئیدارى و به‌ڕێوه‌به‌رى ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، راپۆرتێكیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان و پێداویستى شاره‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن جه‌وهه‌ر ئیسماعیل، رێكخه‌رى پرۆژه‌كانى رێكخراوى هه‌ڵوێست خوێندرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو، بۆ ساڵى 2018 بۆ بودجه‌ى په‌ره‌پێدان (58) پڕۆژه‌ و بۆ بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان (37) پڕۆژه‌، بودجه‌ى ناوچه‌ جیاجیاكان ( 62) و (19) پڕۆژه‌ش بۆ زیانلێكه‌وتووان دیاریكراون. كۆى گشتى ئه‌و پڕۆژانه‌ش پێویستى به‌ 75 ملیار دینار هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌ت ته‌نها یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن دینارى بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ دابینكردووه‌ له‌ بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاكان.

هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خرابووه‌ڕوو، له‌ كۆى 176 پڕۆژه‌ ئێستا ته‌نها 11-یان كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه‌، له‌و 11 پڕۆژه‌یه‌ش حه‌وتیان له‌ ساڵانى رابردوودا بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌ و ته‌نیا چوار پڕۆژه‌ى نوێ له‌مساڵدا كاریان تیادا ده‌كرێت. هاوكات دیوانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستى به‌ 362 فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ بۆ راپه‌ڕاندنى كاره‌كانیان، به‌ڵام ئێستا ته‌نها 66 فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كرابوو، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیه‌كانى شاره‌وانى و ته‌ندروستى پێویستیان به‌ فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ 36 فه‌رمانبه‌رى زیاده‌ى هه‌یه‌، هاوكات هاوڵاتیان وه‌ك پێوست له‌ ئیش و كاره‌كانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ ڕازى نین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure