وه‌زاره‌تى ناوخۆ ناوى كاندیده‌كانى په‌سه‌ندكرد و ته‌نیا یه‌ك كاندیدی ڕه‌تكردەوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 15/08/2018‌ :: 398‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناوى كاندیده‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى به‌سه‌ندكردووه‌ و ته‌نیا یه‌ك كاندید ناوه‌كه‌ى ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌.

ژیار دزه‌یى، بەڕێوەبەری تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "هاوشێوه‌ى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆیى 773 كاندید ناوى  سه‌رجه‌م كاندیده‌كانى په‌سه‌ند كرد، ته‌نیا یه‌ك كه‌س نه‌بێت ئه‌ویش مه‌رجه‌كانى پاڵێوراوى تێدانه‌بووه‌".

وتیشى "به‌شى یاسایى له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكى كارگێرى هه‌ڵبژاردنى كۆمسیۆن ناوى531 پاڵێوراوى پیاو و 241 پاڵێوارى ئافره‌ت به‌رزده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى كۆمیساران به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردن، پاشان بڵاوكردنه‌وه‌یان".

بەڕێوەبەری تۆماری قەوارە سیاسییەکان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ كۆیى 39 حاڵه‌ت، وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه‌ تێبینیان له‌سه‌ر هه‌بوو، ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌ت ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كانى دیكه‌ ئاسایى بوون كه‌ كه‌سه‌كه‌  خۆى كاندید بكات.

رونیشیكرده‌وه‌، ڕه‌تكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایى مه‌رجه‌كانى كاندیده‌ له‌ یاسایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و دواى په‌سه‌ندكردنى ناوه‌كانیش له‌ كۆمسیۆن سێ ڕۆژ هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م كاندید و لیسته‌كان بۆ تانه‌لێدان و ناوى كاندیدى ڕه‌تكراوه‌ش به‌ نهێنى ده‌مێنێته‌وه‌.

وابڕیاره‌ له‌ 30 ئه‌یلولى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت و 29  قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانی-ش به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure