له‌سه‌ر پۆستێكى فه‌یسبوك ئه‌ندازیارێك دادگایى ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 14/08/2018‌ :: 703‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
یه‌كێتى ئه‌ندازیارانى كوردستان، له‌سه‌ر پۆستێكى فه‌یسبوك ئه‌ندامێكى یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌داته‌ دادگا, وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤیش ده‌ڵێت "پێویسته‌ ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ له‌ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ سكاڵا تۆماربكات".


ره‌وا سه‌لیم، ئه‌ندامى یه‌كێتى ئه‌ندازیارانى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌سه‌ر نه‌به‌ستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتى ئه‌ندازیاران و یه‌كنه‌گرتنى هه‌ردوو یه‌كێتى ئه‌ندازیاران و سه‌ندیكاى ئه‌ندازیان له‌هه‌ولێر و سلێمانى، پۆستێكم له‌ فه‌یسبوك كردووه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داوایه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتى ئه‌ندازیاران سكاڵایه‌كى له‌دژمان تۆماركردووه‌و بۆ حه‌وته‌مین جار چوومه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر و به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كراوم".

وتیشى "ئێمه‌ وه‌كو ئه‌ندازیاران چه‌ندین جار داواى به‌ستنى كۆنگره‌ و یه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو یه‌كێتى ئه‌ندازیاران و سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانمان كردووه‌، به‌ڵام له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى وه‌ڵاممان بدرێته‌وه‌ سكاڵا له‌دژمان تۆمارده‌كرێت و سزاده‌درێین".

له‌باره‌ى كه‌یسى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌، محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌پێى یاساى ژماره‌ 6ى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كان، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌شیهر نه‌كات ئه‌وا نابێت له‌سه‌ر داواكارى و بیروبۆچوونى خۆى سزابدرێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "داواكارین ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ له‌ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ سكاڵا تۆماربكات و داواى مافى خۆى بكات".

له‌سه‌ر دادگایكردنى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌، دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتى ئه‌ندازیاران و سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كوردستانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بده‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ى هه‌ردوو ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ 2005، بڕیاردراوه‌ سه‌رجه‌م یه‌كێتى و سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌كان یه‌كبگرنه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا یه‌كێتى و سه‌ندیكاى ئه‌ندازیاران یه‌كیانه‌گرتۆته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە