هەڵبژاردن دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوادەخات

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 467‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆكی فراكسیۆنێكی پەرلەمان رایدەگەیەنێت، بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پەرلەمانی كوردستان تا دوای هەڵبژاردن كۆنابێتەوە.

محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان و نوێبوونەوەی توركمان بە دواڕۆژی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی ئێستا و تەنانەت دەستەی سەرۆكایەتیش كاندید كراونەتەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمان لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێتە شوێنێك بۆ موزایەدەی سیاسی، پەرلەمانی كوردستان كۆنابێتەوە".

وتیشی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبێت لیژنەی یاسایی راپۆرت و كۆبوونەوە لەسەر یاسا و بڕیارە گرنگەكان بكات، بەڵام تائێستا لیژنەكە كۆبوونەوەی نەكردووە، بۆیە پەرلەمانیش بەمزووانە كۆنابێتەوە".

هاوكات دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی وت "هەرچەندە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە سەفەرەكەیان گەڕاونەتەوە، بەڵام زانیارییەكی وامان بیستووە كە بەهۆی هەڵمەتی هەڵبژاردن دانیشتنەكانی پەرلەمان دوادەخرێت".

لەبارەی دواخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، تارق جەوهەر راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "هۆلی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان هەندێك گرفتی بۆ دروستبووە و ئێستا خەریكی ئەوەین چاكی بكەینەوە، هەروەها بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەستپێدەكاتەوە کە ئەویش كاریگەری دەبێت".

دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە 17ی تەمموزی 2018 تایبەت بە پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجامدرا و بەپێی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو خولەی پەرلەمان دەتوانێت تاوەكو 6ی تشرینی یەكەمی 2018 بەردوامی بەكارەكانی بدات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure