توركیا: داڕمانى به‌هاى لیره‌ 11.5 ملیار لیره‌ زیان به‌ كه‌رتى وزه‌ ده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/08/2018‌ :: 211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى ئابوورى وزه‌ى توركیا ئاشكرايده‌كات، دارمانى به‌هاى لیره‌ به‌رامبه‌ر دراوه‌ بیانییه‌كان له‌ ماوه‌ى 45 رۆژدا 11.5 ملیار لیره‌ زیانى به‌كه‌رتى وزه‌ى توركیا گه‌یاندوه‌.


جوركان كومبار ئۆغلو، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى ئابوورى وزه‌ى توركیا به‌ رۆژنامه‌ى (دنیا)ى توركى راگه‌یاندوه‌ "داڕمانى به‌رده‌وامى به‌هاى لیره‌ى توركى به‌هۆى تێكچوون و ئاڵۆزبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان واشنتۆن و ئه‌نكه‌ره‌، له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ برونسون زیانى گه‌وره‌ى به‌ توركیا گه‌یاندوه‌".

ئۆغلو ده‌ڵێت "له‌ مانگى ته‌مموزى رابردوودا، به‌هاى دۆلار له‌ ئاستى 4.6 لیره‌ بوو، به‌ڵام رۆژى هه‌ینى رابردوو دۆلارێك به‌ 6.4 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، ئه‌وه‌ش واته‌ له‌ماوه‌ى 45 رۆژدا به‌هاى لیره‌ى به‌ڕێژه‌ى 40% دابه‌زیوه‌ و به‌وه‌ش پاره‌ى وزه‌ى هاورده‌كراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێژه‌ى 40% زیادیكردوه‌".

رونیشكردوه‌ته‌وه‌، توركیا مانگانه‌ 4.6 ملیار مه‌تر سێجا غازى سروشتى و 2.1 ملیۆن ته‌ن نه‌وتى خاو و 1.2 ملیۆن ته‌ن سوته‌مه‌نى له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر لێكیبده‌ینه‌وه‌ مانگانه‌ به‌هاى هاورده‌كردنى ووزه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ 3 ملیار دۆلاره‌، ئه‌گه‌ر دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ له‌ ماوه‌ى 45 رۆژدا هه‌ژماربكه‌ین، خه‌رجى هاورده‌كردنى ووزه‌ 11.5 ملیار لیره‌ بووه‌.

كومبار ئوغلو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ توركیا له‌ ساڵى 2017 نه‌وتى خاوى له‌ ئێران و غاز و سوته‌مه‌نیشى له‌ روسیا هاورده‌ كردوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure