وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ناوی ژمارەیەك كاندیدی رەتكردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 1076‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌هۆی تێبینییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، ژماره‌یه‌ك كاندیدی حزبه‌كان بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گۆڕدرێن.

دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم ناوی كاندیده‌كانی بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌سته‌ی ده‌سپاكی نارد، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌سپاكییه‌وه‌ هیچ كاندیدێك ره‌تنه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی تێبینییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژماره‌یه‌ك له‌ كاندیده‌كان ره‌تكراونه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌گۆڕدرێن به‌ كاندیدی تر.

شۆڕش حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لەھەرێم هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه ‌و رایگه‌یاند "وه‌زاره‌تی ناوخۆ تێبینیی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كاندیدی لایه‌نه‌كان هه‌بووه‌، بۆیه‌ داوامان له‌لایه‌نه‌كان كردووه‌ گۆڕانكاری له‌ كاندیده‌كان بكه‌ن و كه‌سانی تر دابنێن".

وتیشی "ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێم ناوی كاندیده‌كانی په‌سه‌ند كردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌كه‌ دروستنه‌بووه‌".

له‌باره‌ی تێبنییه‌كان و ژماره‌ی كاندیدی حزبه‌كان، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆن ئاماده‌نه‌بوو زانیاری زیاتر بۆ دواڕۆژ ئاشكرابكات.

به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن، پێویسته‌ ناوی سه‌رجه‌م كاندیدی حزبه‌كان بۆ ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ بنێردرێت تاوه‌كو له‌ تێوه‌گلانیان به‌ گه‌نده‌ڵی و تاوانه‌كانی دژ به‌ گه‌لی كوردستان دڵنیاببنه‌وه‌.

بۆ به‌شداری له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 30ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، 29 قه‌واره‌ و سێ هاوپه‌یمانی ناویان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ تۆماركراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure