هۆشداری دەدرێتە ئەو هاووڵاتیانەی گەشت دەکەن بۆ ئێران

هەواڵ / عێراق :: 14/08/2018‌ :: 79091‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئەمڕۆ 14ی ئابی 2018 باڵیۆزخانەی عێراق لەتاران هۆشداریدایە هاونیشتمانییەکانی کە لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئێران بەئاگابن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رێژەی تاوانی کوشتن و دزی لەو وڵاتە زیادیکردوە.

رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی لە زاری راجح الموسەوی، باڵیۆزی عێراق لەتاران ئەوەشی ئاشکراکردوە کە باڵیۆزخانەکە هۆشداریداوەتە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی گەشت بۆ ئێران دەکەن کە لەکاتی مامەڵە کردن و هاتوچۆکردنیان لەناو ئێراندا ئاگاداری خۆیان بن بەتایبەتی لەشەودا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی دزیکردن کە لەم ماوەیەی پێشوودا بەرامبەر زۆربەی گەشتیارە عێراقییەکان روو لە زیادبوونن.

وتیشی "ژمارەی حاڵەتەکان زۆر نین بەڵام زۆربەیان لە یەک کاتی دیاریکراودا روویانداوە و ئەمەش وایکردوە لەڕاگەیاندنەکان گرنگی پێبدرێت، هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی ئەو رووداوانە زیادبوونی گەشتی هاووڵاتیانی عێراقە بۆ ئێران لە چەند مانگی رابردوودا کە ئامانجیان بازاڕکردنە".

ئەوەشی وت "رۆژانە نزیکەی 20 هەزار گەشتیاری عێراقی دەچنە خاکی ئێرانەوە، ئەو رێژەیەش دوای ئەوە زیادیکرد کە حکومەتی عێراق مەرجی ڤیزای لەسەر هاووڵاتیانی عێراق لابرد لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئێران".

باسی لەوەشکرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوەیان بۆ زیادبوونی ئەو حاڵەتە دەستپێکردوە و دڵنیاییشیان داوە پێمان کە هێزی ئەمنی زیاتریان لەو ناوچانەدا بڵاوکردوەتەوە کە ئەو رووداوانە تیایاندا روویداوە.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە ناوچەی عەبادانی ئێران هاووڵاتییەکی عێراقی کوژراوە و هەر لەم مانگەشدا سێ هاووڵاتی دیکەی عێراقی دزییان لێکراوە لەژێر هەڕەشەدا بە چەک.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure