هەڵەبجە: پێنج هەزار ناوی دووبارە و مردوو سڕاوەتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 430‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەرپرسی ئۆفیسی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئاشكرایكرد، لەكۆی نزیكەی 70 هەزار دەنگدەر پێنج هەزار ناومان سڕیوەتەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتووشدا بنكەكان دادەخەین.


حەمە سەعید ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی ئاب بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەو ئامارانەی لە بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەوە دەستمان كەوتوون، ئەوە دەخەنەڕوو لەكۆی نزیكەی 70 هەزار تەنها 10 هەزار کەس سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، پێنج هەزار ناوی مردوو و دووبارەمان لەلیستی ناوی دەنگدەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە سڕیوەتەوە، هاوكات هەر لەسەرەتای دەستكردن بە ئادەكارییەكانمان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30/9/2018 لە سنورەكەدا هەشت بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانمان كردوەتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دڵنیابن لەڕاستی و دروستی ناوەكانیان.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، نزیكەی دوو مانگە بنكەكانیان بەڕووی هاوڵاتیاندا كردوەتەوە بۆ ئەوەی سەردان بكەن، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە 16/8/2018 كۆتا ڕۆژی كردنەوەی ئەو بنكانە دەبێت بۆ مەبەستی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە