نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: ناتوانین به‌فه‌رمی چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم بكه‌ین

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 223‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان ناتوانێت به‌فه‌رمی چاودێری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكات و تەنها هاوكاری كۆمسیۆنی هه‌رێم ده‌كات بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌كە. 


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی ئاب، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كۆبوەوە، دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا.

ئالس وول پۆل، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان له‌عێراق رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای هه‌رێم گفتوگۆیان له‌سه‌ر هاوكارییه‌كانی یونامی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان". 

وتیشی "ئه‌ركی ئێمه‌ پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌ بۆ سه‌رخستنی ئاماده‌كارییه‌كانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆیه‌ ناتوانین چاودێری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، به‌ڵام به‌شێوه‌ی نافه‌رمی له‌ رۆژی ده‌نگدان چاودێری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین له‌ هه‌ندێ بنكه‌ی ده‌نگه‌داندا".

ناوبراو داواشی له‌ چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی كرد بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و چاودێری چڕی پرۆسه‌كە بكەن. 

هاوكات هه‌ندرێن محه‌مه‌د، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ قۆناغی كۆتاییدایه ‌و ئه‌وه‌ی ماوه‌ دامه‌رزاندنی 42 هه‌زار كارمه‌نده‌ بۆ رۆژی ده‌نگدان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیای تایبه‌ت به‌م بواره‌ ئاماده‌ ده‌كرێت.

وتیشی "پڕۆسه‌ی وردبینیکردن له‌ناوی كاندیدان له‌ 95%ی ته‌واو بووه ‌و به‌مزووانه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نرێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ر كاندید و لیستێك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی واده‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ بكات، تووشی سزای یاسایی و ماددی ده‌بێته‌وه ‌و پێویسته‌ لایه‌نه‌كان پابه‌ندی یاساكانی هه‌ڵبژاردن بن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure