وەزیری تەندروستی: ژمارەیەك قاچاخچی دەرمان دەستگیركراون

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند "هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كی نا ته‌ندروست پرسی ده‌رمان ده‌وروژێنن" ده‌شڵێت، له‌هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ پشكنین بۆ هه‌زارو 100 جۆری ده‌رمان ئه‌نجامده‌درێت. 


رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌مه‌راسمێكی تایبه‌ت به‌پرسی ده‌رمان رایگه‌یاند "هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن پرسی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ده‌رمان ده‌وروژێنن و كه‌مپین دروستده‌كه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ترساندنی خه‌ڵك، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان بێت نه‌ك ترساندنی خه‌ڵك". 

وتیشی "مانگانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنتڕۆڵی جۆری پشكنین بۆ هه‌زارو 100 جۆری ده‌رمان ئه‌نجامده‌دات كه‌ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و له‌ فڕۆكه‌خانه ‌و ده‌روازه‌كان لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ پشكنینی ده‌رمان داندراون و هه‌موو ده‌رمانێك ستیكه‌ری لێده‌درێت".
 
وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لەسەردەمی كابینه‌ی حه‌وته‌مه‌وه‌ ده‌ست كراوه‌ به‌ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدابوو كه‌ له‌ 2012دا حكومه‌تی هه‌رێم توانای پشكنینی یه‌ك حه‌بی نه‌بوو، به‌ڵام له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر كرا. 

داواشی كرد په‌له‌ بكرێت له‌ ده‌ركردنی یاسای سه‌لامه‌تی پزیشكی و ده‌ستكاریكردنی مادده‌كانی یاساكه‌، چونكه‌ هه‌ندێك بڕیار هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یاسا هه‌یه‌. 

هۆشداریشیدا له‌وه‌ی ده‌بێت "سزای توندی كۆمپانیاكانی ده‌رمان بدرێت كه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌رمانی خراپه‌وه‌ ده‌كه‌ن".

ئاشكراشیكرد، ژماره‌یه‌ك قاچاخچی ده‌رمان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییەكانه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون و سزای یاسایی دراون. 

 

ژ.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure