دادگاى باڵاى فیدراڵى ده‌رباره‌ى نه‌وتى هه‌رێم بڕیارێكى ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 376‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، پسپۆڕێكى ته‌كنیكى راسپارد كه‌ له‌و سكاڵایه‌ بكۆڵێته‌وه‌ كه‌ له‌بارەی ناده‌ستورى بوونى ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانەوە پێشكه‌شكراوه‌. 


ئیاس ئه‌لساموك، وته‌بێژى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14/8/2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تى دادوه‌ر مدحه‌ت ئه‌لحمود و ئاماده‌بوونى سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى دادگا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجامدا بۆ بینینى سكاڵایه‌كى وه‌زیرى نه‌وتى فیدراڵى كه‌ له‌سه‌ر وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان/ سه‌ره‌ڕاى پۆستەکەی تۆماركراوه‌ كه‌ تیایدا داواى كردوه‌ به‌پێى بڕگه‌كانى یاسا و ده‌ستور ناچاربكرێت كه‌ به‌رهه‌مى نه‌وتى هه‌نارده‌كراو، راده‌ستى وه‌زاره‌تى نه‌وتى فیدراڵى بكات.

راشیگه‌یاند "له‌ دانیشتنه‌كه‌دا نوێنه‌رى هه‌موولایه‌نه‌كان، بریكاره‌كانى وه‌زیرى نه‌وتى فیدراڵى، وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى فیدراڵى، وه‌زیرى دارایی فیدراڵى و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان/ سه‌ره‌ڕاى پۆسته‌كه‌ى ئاماده‌بوون".

وته‌بێژى دادگاى فیدراڵى رونیكردەوه‌ كه‌ بڕگه‌ى (111) له‌ ده‌ستور به‌شێوه‌یه‌كى گشتى باسى نه‌وت و غازى كردوه‌ كه‌ ده‌ڵێت "نه‌وت و غاز موڵكى گه‌لانى عێراقن له‌ گشت  پارێزگاكان و هه‌رێمدا".

هه‌روه‌ها "ماده‌ى (112) له‌ ده‌ستور وێناى چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى (111)ی روونكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت پێویسته‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و ماده‌یه‌ به‌ پێی یاسا ناوه‌رۆكه‌كه‌ى یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

وتیشى "دادگا مه‌به‌ستى بوو بزانێت چۆن مامه‌ڵه‌ به‌ داهاتى فرۆشتنى نه‌وته‌وه‌ دەكرێت كه‌ ئایا یاسا یان رێككه‌وتن هه‌یه‌ له‌ نێوان حكومه‌تى فیدراڵى و هه‌رێمى كوردستان بۆ رێكخستنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌؟ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ چۆنه‌ و به‌روارى رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ی بووه‌؟  له‌كاتى بوونیدا، ئایا له‌گه‌ڵ یاسا و بڕگه‌كانى ده‌ستور یه‌كده‌گرێته‌وه‌؟ رۆڵى حكومه‌تى فیدراڵى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت و مامه‌ڵه‌كردن پێوه‌ى چیه‌؟، له‌به‌ر رۆشنایی بڕگه‌كانى ده‌ستور و یاسا و رێككه‌وتنه‌كان".

وته‌بێژى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، دادگا ده‌رباره‌ى كۆمه‌ڵێك پرسیارى ته‌كنیكى ورد پێویستى به‌ كه‌سانى پسپۆڕ هه‌یه‌ كه‌ بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدات و هه‌موولایه‌نه‌كان رێككه‌وتن كه‌ ئه‌و بواره‌ بۆ كه‌سانى شاره‌زا جێبهێڵن و دواى دیاریكردنى كه‌سێكى پسپۆڕ، داداگاش دانیشتنه‌كه‌ى بۆ رۆژى 29/8/2018 دواخست، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ شاره‌زایه‌، ئاگادار بكرێت و ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure