كارکردن لەپڕۆژەیەکی کرێنشینان دەستپێدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 297‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو یەکە دروستکراوەکانی کرێنشینان جێبەجێدەکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەت بۆ یەکەکانی سیتەک دیاریدەکات، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانیش سودمەندبووانی ئەو پرۆژانە دڵنیا دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو یەکانە نادرێنە کەسانی تر.


بەرھەم سەردار، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان لەھەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەبڕیارێکی حکومەت یەکەکانی سیتەک بۆ کرێنشینان دروستکراوە، بەڵام لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانرا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی تەواو بکرێت".

وتیشی "چەندین پێشنیاز خرایەڕوو بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە، ئێمە سەرجەم ئەو پێشنیازانەمان رەتکردۆتەوە کە کرێنشینان لەو یەکانە بێبەش بکات".

ڕاشیگەیاند "لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕە بودجەیەکی بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی تەرخانکردووە و کاری تێدا دەکرێت، لێرەشەوە کرێنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەوانەی خاڵبەندی پێویستیان هەیە، لەپاش کۆتاییهاتنی کارەکان دەبنە خاوەن ئەو یەکانە".

ماوەی زیاتر لە 4 ساڵە پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لەهەردوو ناوچەی سیتەک و زڕگوێز دروستکراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کە بە 43 ملیار دینار خەمڵێنرابوو، ببووە رێگر لە دابەشکردنی ئەو یەکانە.

لە ئێستادا حکومەتی هەرێم مانگانە پارە بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخاندەکات و لەهەردوو ناوچەکە 1500 کرێنشین سوودمەند دەبن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure