وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا به‌ سه‌ردانێك له‌ توركیایه‌

هەواڵ / جیهان :: 14/08/2018‌ :: 352‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئاب سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ڕوسیا سه‌ردانى توركیاى كرد و له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیا له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا كۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییان تاوتوێكرد.


له‌ كۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا لاڤرۆڤ ستایشى توركیاى كرد كه‌ ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ بچێته‌ پاڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ى ڕه‌زامه‌ندن به‌ دانانى سزاى نوێ بۆ سه‌ر ڕوسیا، چاوشئۆغڵوش داواى له‌ ئه‌مریكا كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ و هۆشداریشیدا كه‌ فشار خستنه‌سه‌ر توركیا و ترساندنى ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى پشێوى.

لاڤرۆڤ له‌سه‌ر بارودۆخى سوریا ڕایگه‌یاند، ده‌مانه‌وێت سه‌رجه‌م پێگه‌ى تیرۆریستان له‌ سوریا له‌ناوببه‌ین و مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ته‌واوى گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى سوریا كه‌ ئارامییان بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئیدلیبیش یه‌كێك ده‌بێت له‌و ناوچانه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا چاوشئۆغڵو ڕایگه‌یاند، ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییانه‌ى گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕۆژهه‌ڵاتى غوته‌ و حه‌له‌ب له‌ ئیدلیب چالاكى ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌ستنیشانیان بكه‌ین و له‌ناویان ببه‌ین، به‌ڵام نابێت له‌ ئیدلیب شه‌ڕ بكه‌ین و كوێرانه‌ بۆمببارانیان بكه‌ین. 

هاوكات لاڤرۆڤ ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كى ستراتیژی باشیان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌ و له‌مه‌ودوا ده‌یانه‌وێت له‌برى دۆلار مامه‌ڵه‌ به‌ دراوى ناوخۆییه‌وه‌ بكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure