ته‌رمى 4 كۆچبه‌ری یه‌ك خێزان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 202‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی ئابی 2018 له‌ڕێگه‌ى مه‌رزى ئیبراهیم خه‌لیل تەرمی نۆ كۆچبه‌ر كه‌ چواریان كوردن بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هەرێمی كوردستان كه‌ له‌ 9ى ئه‌م مانگه‌ له‌ ده‌ریای ئیجه‌دا خنكان.

ڕۆژى 9ى ئاب ژماره‌یه‌ك پەنابەری عێراقی دواى ئه‌وه‌ی لە دەریای ئیجەوە بەرەو وڵاتی یۆنان بەڕێكەوتوون، به‌ر له‌ گەیشتنیان بەلەمەكەیان ژێرئاو كەوت، بەهۆیەوە نۆ كۆچبەر گیانیان لەدەستدا كە چوار كەسیان كوردن و ئەندامی یەك خێزانن و خەڵكی شارۆچكەی دووزخورماتوون.

ئاری جەلال، سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق و هه‌رێمى كوردستان  بە دواڕۆژى راگەیاند، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ى لە دەریای ئیجەدا خنکان، ھەموو رێکارە یاساییەکانیان لەلایەن فیدراسیۆنەکەیانەوە بۆ ئەنجامدراوە و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئاب له‌ ڕێگه‌ى مه‌رزى ئیبراهیم  خه‌لیله‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل تەرمەکانیان دەگاتەوە ھەرێمی کوردستان.

وتیشى "هه‌ر دواى ڕووداوه‌كه‌ نوێنەری فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران گەیشتووه‌ته‌ پارێزگای ئیزمیر و دواتر باڵیۆزخانەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگاداركردووەتەوە و كارئاسانییان كردووە بۆ گەڕانەوەی تەرمەكان بۆ هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج ھاووڵاتی دیكه‌ش كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن و خه‌ڵكى شاره‌كانی عێراقن دەگەڕێنرێنەوە پارێزگاکانی نەجەف و بەسرە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure