وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌باره‌ى ده‌رمانی خراپ داوایه‌ك له‌حكومه‌ت ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 642‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌پێناو ڕێگریكردن له‌ هاورده‌كردنى ده‌رمانى كوالیتى خراپ، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم داواى په‌سه‌ندكردنى پرۆژەى بەنیشتمانیکردنى هاوردەکردن و فرۆشتنى دەرمان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات.


رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، وه‌زیرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند  "بڕیار و راسپارده‌ی تایبه‌تیان به‌ چۆنیه‌تى دامه‌زراندنى دامه‌زراوه‌یه‌كى  كڕینى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى  بۆ  كرینى ده‌رمان به‌ كوالیتى به‌رز و له‌سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م، پێشكه‌شى حكومه‌تی هه‌رێم كردووه ".

روونیشكرده‌وه‌، دامه‌زراندنى كۆمپانیایه‌كى نیشتیمانیى یارمه‌تیده‌ر بۆ كڕینى دره‌مان به‌ كوالیتى به‌رز و راسته‌وخۆ له‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م، واته‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى كه‌ ده‌رمانه‌كه‌ دروستده‌كات.

ده‌ڵێت "دووجار داواى په‌سه‌ندكردنى پڕۆژه‌كه‌یان كردووه‌ و ئێستاش هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ و داواش له‌  لیژنەی تەندروستی پەرلەمان ده‌كه‌ن پشتگیریان بکه‌ن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".

سه‌باره‌ت  به‌شێوازى هاورده‌كردنى ده‌رمان، ڕایگه‌یاند هەر كۆمپانیایەكی بیانی یان خۆماڵی بیەوێت دەرمان و پێداویستی پزیشكی هاوردە بكات، دەبێت مۆڵەتی دامەزراندنی پێدرابێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستى و دواتر بەمەبەستی هاوردەكردنی دەرمان دەبێت كۆمپانیاكە داواكارییەك ئاڕاستەی كۆنترۆڵى جۆریى بكات، بۆ ماوەی  مانگێك مۆڵەتی رێگەپێدانی كاتی پێدەدەن بۆ هاوردەكردنی دەرمان لەڕێگەی فڕۆكەخانە و خاڵە سنورییەكانەوە.

وه‌زیرى ته‌ندروستى ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، دوای هاوردەكردنی دەرمان لیژنەیەكی پسپۆڕی تایبەت بەدەرمان سەردانی كۆگای كۆمپانیاكان دەكه‌ن، بۆ ئەوەی چەند نمونەیەك لەدەرمانە هاوردەكراوەكە وەربگرن و لەماوەی مانگێكدا پشكنینی بایۆلۆجی و كیمیایی بۆ دەكه‌ن.

ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئەگەر دەرمانەكه‌ لەپشكنینی تاقیگەیی دەرچوو، ئەوا رێگەی فڕۆشتنی پێدەده‌ن، بەڵام ئەگەر دەرنەچوو، ئەوا دەبێت دەرمانەكه‌ بگەڕێنرێتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە، یاخود لەناوببرێت.

رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وان لەرێگەی بەشی چاودێری بازاڕ بەدواداچوون بۆ ئەو دەرمانانە دەكەن، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو خاوەن كۆگاو دەرمانخانانە بكه‌ن كە دەرمانی رێگەپێنەدراو لەبازاڕ دەفرۆشن، ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بن، ئەوا روبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

پڕۆژەى بە نیشتمانیکردنى هاوردەکردن و فرۆشتنى دەرمان ماوه‌ى دوو ساڵه‌ ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كراوه‌ و به‌پێى پڕۆژەکە کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ئامادەکراوە کەرتی هاورده‌ و فرۆشتنی دەرمان دەکرێتە نیشتمانیی لە رێگەى دروستکردنى دەزگایەکەوە کە 51%ی پشکەکانى موڵکی حکومەت و 49%ی موڵکى کەرتی تایبەت دەبێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستیییەوە سەرپەرشتى دەکرێت و به‌پێى پڕۆژه‌كه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ڕاسته‌وخۆ ده‌رمان له‌ سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌م ده‌كڕێت.

به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم، زیاتر له‌ 494 كۆمپانیاى بیانى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كه‌ن، سێ‌ كارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی خۆماڵیش هه‌یه‌، داهاتى ساڵانه‌ى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى كۆنترۆڵى جۆریى ده‌رمانیش له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى زیاتر له‌ 33 ملیار دیناره‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure