نه‌وتى هه‌رێم به‌ 18 دۆلار كه‌متر ده‌فرۆشرێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/08/2018‌ :: 727‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى ڕاپۆرتى كۆمپانیاى دیلۆیت نرخى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى بۆرى و تانكه‌ر له‌ ساڵى 2018 به‌راورد به‌ شه‌ش مانگى كۆتایى ساڵى 2017، زیاتر له‌ 10 دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و به‌پێى نرخى جیهانى نه‌وتیش بێت له‌ساڵى 2018دا، نه‌وتى هه‌رێم به‌ 18 دۆلار كه‌متر له‌ نرخى جیهانى برێنت فرۆشراوه‌.

به‌پێى ڕاپۆڕتى كۆمپانیاى جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژكاری  لەبارەی هەناردە و نرخی نەوتی هەرێم، له‌ماوه‌ى  نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی کانونی یه‌كه‌م تێکڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەڕێگەی بۆرییەوە، 44.58 دۆلار بووەو  تێکڕای نرخی یەک بەرمیلیش به‌ تانكه‌ر 39.88 دۆلار بووە.

له‌كاتێكدا به‌پێى ڕاپۆرتى هه‌مان كۆمپانیا لە ماوەی نێوان 1-1-2018 تاوەکو 31-3-2018، تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراوی کوردستان بە بۆری 54.81 دۆلار بووە، بەڵام هەر بەرمیلێکی نەوت به‌ تانکەر بە 49.27 دۆلار فرۆشراوە.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى ساڵى 2017دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، حکومەتی هەرێم لەماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 91 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و داهاتەکەشی نزیکەی چوار ملیار دۆلار بووە.

هه‌ر له‌و ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لەو ماوەیەدا بڕی نەوتی خاوى هەناردەکراو بە تانکەر لە کێڵگەكانی هەرێمی کوردستانەوە، چوار ملیۆن و 913 هەزار و 910 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی نەوتی خاوی گواستراوە بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ بۆ ئەوەی پوختە بکرێت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یەک ملیۆن و 457 هەزار و 965 بەرمیل بووە".

ڕاپۆرته‌كه‌ى دیلۆیت ئه‌وه‌شى ده‌رخستووه‌، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی تانکەرەوە له‌ شه‌ش مانگى كۆتایى ساڵى 2017دا 205 ملیۆن و 185 هەزار و 451 دۆلار بووە.

دیلۆیت ده‌ریخستووه‌ له‌ ساڵى 2017، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی بۆری و تانکەر و فرۆشی ناوخۆ، سێ ملیار و 853 ملیۆن و 777 هەزار و 857 دۆلاری ئەمریکی بووە و پوخته‌ى داهاتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەى فرۆشتنى نەوتدا بڕی یەک ملیار و 815 ملیۆن و 410 هەزار و 669 دۆلار بووە.

ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ساڵى 2018وه‌ هه‌یه‌، بەپێی وردبینی دیلۆیت هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت لە سێ مانگی یەکەمی 2018دا گەیشتووەتە 30 ملیۆن و 503 هەزار و 447 بەرمیل.

دیلۆیت ئاشکراشیکردووە، نەوتی خاوی هەناردەکراو بە بۆری 28 ملیۆن و 337 هەزار و 999 بەرمیل بووە، ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بەرامبەر دیزڵ و سووتەمەنی نەوتی قورس بۆ بەکارهێنان لە وێستگەکانی وزەی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان 559 هەزار و 341 بەرمیل نەوت بووە، هەروەها فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکان 609 هەزار و 649 بەرمیل بووە و فرۆشتنی ناوخۆش 996 هەزار و 458 هەزار بەرمیله‌.

دیلۆیت، دەڵێت "کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو له‌ سێ مانگى یه‌كه‌مى 2018 (یەک ملیار و 559 ملیۆن و 412 هەزار و 410 دۆلار) بووە، هەروەها بەهای فرۆشتنی نەوتی خاوی گواستراوە بە تانکەر (20 ملیۆن و 117 هەزار و 37 دۆلار) بووە".

به‌پێى ئه‌و داتا و ژمارانه‌ى له‌ لایه‌ن كۆمپانیاى دیلۆیته‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نرخى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوودا له‌ 54 دۆلار زیاتر نه‌فرۆشراوه‌، له‌ كاتێكدا ئێستا نرخى نەوتی برێنت له‌سه‌رووى 72 دۆلار مامەڵەی پێوەده‌كرێت و له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیشه‌وه‌ زۆرجار نرخه‌كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌ 80 دۆلار.

ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، تاوه‌كو ئێستا چوار ڕاپۆرتی  كۆمپانیای دیلۆیتى سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت له‌ ساڵى 2017 و 2018 بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure