به‌غدا وردبینی له‌ مووچه‌ی شه‌هیدانى هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 1170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی  حكومه‌ته‌كه‌ى كردووه‌و وردبینی بۆ ناوی لیستی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هه‌رێم و بڕی پاره‌كه‌یان بكات.

 
مه‌حمود حاجی ساڵح، وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی ئاب له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر  ڕایگه‌یاند، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 4ی ته‌مموز نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌، له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی مووچه‌و مینحه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هه‌رێم تاوه‌كو له‌سه‌ر ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌  بۆ سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا بگوازرێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستن  به‌بڕیارێكی په‌رله‌مانى عێراق و له‌ 31ی ته‌مووزیش نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانى عێراق وه‌ڵامی نوسراوه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌و داوای كردووه‌ وردبینی بۆ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌و بڕی پاره‌كه‌یان بكرێت".

وتیشى" كاره‌كان به‌ باشی به‌ڕێوه‌چوون و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین دوای جێگیركردنی واده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان شاندی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر".

ئاشكراشیكرد كه‌ زیاتر له‌ 79 هه‌زار وارسی شه‌هیدو ئه‌نفالكراو هه‌یه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان كه‌  تێكڕاى بڕی مووچه‌كه‌یان 34 ملیارو 769 ملیۆن دیناره‌و له‌ 20 هه‌زار 563 زیندانی سیاسی زیاتر له‌ 5 هه‌زار كه‌سیان مووچه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ بڕی مووچه‌كه‌یان دوو ملیار دیناره‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure