ئەندامێکی ئەنجومەن: لەکۆگاکانی سلێمانی دەرمانی بەسەرچوو ھەیە

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2018‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایدەکات، لە چەند كۆگایەكی حکومی بڕێكی زۆر لە دەرمانی بەسەرچوو ھەیە و پێویستە كار بۆ لەناوبردنیان بكرێت.


كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند "دوای بەدواداچونێكی ورد، بۆم دەركەوت كە بڕێكی زۆر دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە چەند كۆگایەكی حکومتدا بونیان ھەیە لەسنوری پارێزگای سلێمانی".

وتیشی "لەچەند كۆگایەكی دەرمان لە سلێمانی کە چووم سەردانمکردوون و باس لە بوونی دەرمانی خراپ دەکرێت تێیاندا، ڕیگەم پێنەدرا تەماشای ناو كۆگاكان بكەم، بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی کە ھەیە بەسەرچوون و ھەندێک دەرمان ھەیە لەگەڵ گەیشتنیان لە بەغداوە بەسەرچوون کە ئەمە دەبێت ھەڵوێستەی لەسەر بکرێت".

ئاماژە بەوەش دەکات، دەرمانی ماوەبەسەرچوو لەناوكۆگانی دەرماندا ھەیە، بەڵام لە نەخۆشاخانەكان دەرمان نییە بۆ ھاووڵاتیان.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواش لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات بەرپرسی کۆگاکانی دەرمانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و راپەرین بانگھێشت بکرێن بۆ ئەنجومەن و لێکۆڵینەوە لەو  بابەتە بکرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە