لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان رەخنە لە کەرتی تەندروستی دەگرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 13/08/2018‌ :: 304‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان، رەخنە لە سیستمی تەندروستی هەرێم دەگرن و دەڵێن "هێندەی کار لەسەر پێدانی دەرمان بە نەخۆش دەکرێت، هێندە کار لەسەر هۆشیاری تەندروستی ناکرێت".


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی کوردستان، زولفا مەحمود سەرۆكی لیژنەی تەندروستی رایگەیاند "بۆ باشتركردنی رەوشی تەندروستی هەرێم داوا دەكەین ئەو پڕۆژە یاسایانەی لەپەرلەمان هەن پەسەندبكرێن، بەتایبەت پڕۆژە یاسای كوالێتی كۆنترۆڵ، چونکە پێویستە كوالێتی كۆنترۆڵ بدرێتەوە بە وەزارەتی تەندروستی و لەكەرتی تایبەت وەربگیرێتەوە، لەهەمان كاتدا كۆمپانیایەكی نیشتیمانی دابنرێت بۆ هێنانی دەرمان".

وتیشی "بەداخەوە سیستمی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێم هێنده‌ی كار له‌سه‌ر چارەسەری نه‌خۆش و پێدانی ده‌رمان ده‌كات، هێنده‌ كار له‌سه‌ر هۆشیاری ته‌ندروستی ناكات، ئەوەش بۆتە هۆی دەیان کارەساتی گەورەی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو "جه‌خت له‌پێشنیازی دوو ساڵ پێش ئێستامان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كی نیشتمانی حكومی بۆ هێنانی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی دروست بكرێت، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قۆرغكاری و هه‌ژموونی حزبی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت".

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا داواکرا، پەلە بکرێت لە دەرچواندنی یاسای مافی نەخۆش و هێزە تەندروستیەکان، هەروەها ئەنجامی ئەولیژنانەش ئاشکرا بکرێن کە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پرسی کەرتی تەندروستی و دەرمان پێکی هێناون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure