دەستەی گەشتوگوزار: رۆژانە 8 هەزار گەشتیار دێنە هەرێمی كوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 14/08/2018‌ :: 590‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
نادر رۆستی، وته‌بێژ‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ئێستادا رۆژانه‌ نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار هاوڵاتی شاره‌كانی خوارووی عێراق و ژماره‌یه‌كیش له‌ گه‌شتیاری وڵاتانی تر دێنە هەرێم".


وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم وتیشی "دابه‌زینی به‌های تمه‌ن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی گه‌شتیارانی رۆژهه‌ڵات ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك گه‌ر بیه‌وێت گه‌شت بكات، پێویستی به‌ پاره‌یه‌كی زۆر زیاتر ده‌بێت به‌ به‌راورد به‌ جه‌ژنه‌كانی رابردوو". 

له‌ باره‌ی كاریگه‌ریی كردنه‌وه‌ی رێگای كه‌ركوكیش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، به‌ كردنه‌وه‌ی رێگای كه‌ركوك- هه‌ولێر رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران به‌رز ده‌بێتەوە، بۆیه‌ پێشبینیده‌كه‌ن كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگایه‌ ئاسانكارییه‌كی ته‌واو بكات بۆ هاتنی گه‌شتیاریی زیاتر.

نادر رۆستی ده‌شڵێت "له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم ئاماده‌كاریی باش كراوه‌ بۆ پێشوازیكردن و حه‌وانه‌وه‌ی گه‌شتیاران و جگه‌ له‌ كه‌رتی گشتی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تیش رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ ده‌بێت 24 كاتژمێر شوێنی گه‌شتیاران ئاماده ‌بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی لەكاتی هاتنی هه‌ر گه‌شتیارێك شوێنی خه‌وتن و حه‌وانه‌ی بۆ دابین بكرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure