د. به‌ختیار فایه‌ق: به‌بێ نه‌شته‌رگه‌ریى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى كۆڵۆن ده‌كه‌ین

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 12/08/2018‌ :: 13182‌ جار بینراوە
پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌ هه‌ناوییه‌كان

دواڕۆژ، سامان قوبادى
به‌ختیار فایه‌ق، پزیشكى پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌ هه‌ناوییه‌كان له‌ شارى پزیشكیى فاروق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌ نه‌خۆشى كۆلۆن و هۆكاره‌كانى ده‌كات، هاوكات نوێترین چاره‌سه‌ره‌كان به‌شێوازێكى پێشكه‌وتوو له‌ شارى پزیشكیى فاروق ده‌خاته‌ڕوو.


دواڕۆژ: نه‌خۆشیى كۆلۆن چییه‌؟
به‌ختیار فایه‌ق:
نه‌خۆشیه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ دروستبوونى گۆشتى زیاده‌ له‌ناو ریخۆڵه‌دا، له‌ هه‌ندێك خێزاندا ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زۆر به‌ربڵاوه‌، واته‌ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ كه‌ گۆشتى زیاده‌ى خێزانییه‌، یان هه‌ندێك نه‌خۆش قورحه‌ى كۆلۆنى هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام چاودێریى نه‌كرێت گۆشتى زیاده‌ دروستده‌كات، ئه‌م گۆشته‌ زۆرجار ده‌بێته‌ هۆى تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى كۆلۆن، بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك خوێنبه‌ربوونى هه‌بێت له‌ رێگه‌ى كۆم-ه‌وه‌ یان ئه‌گه‌ر له‌ خێزانێكدا شێرپه‌نجه‌ى كۆلۆن هه‌بێت، باشتره‌ نازور (واته‌ هه‌ناوبینین)ى ریخۆڵه‌ بكات.

دواڕۆژ: جۆرى ئه‌و خواردنانه‌ى رۆژانه‌ ده‌خورێن تا چه‌ند هۆكارن بۆ دروستبوونى گۆشتى زیاده‌ له‌ كۆلۆندا؟ 
به‌ختیار فایه‌ق:
گۆشتى سوور باش نییه‌ زۆر بخورێت، هه‌روه‌ها ئه‌و خواردنانه‌ى ده‌بنه‌ هۆى قه‌بز بوون، چونكه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زه‌خت ده‌كرێت و ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى دروستبوونى گۆشتى زیاده‌، هه‌ندێك كه‌س هه‌ن جیناتیان هۆكاره‌ بۆ تووشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌، بۆیه‌ له‌و كه‌سانه‌دا نه‌خۆشیه‌كه‌ زووتر ده‌رده‌كه‌وێت.

دواڕۆژ: ئایا خواردنه‌وه‌ كهولییه‌كان هۆكارى تووشبوونى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ن؟ 
به‌ختیار فایه‌ق:
به‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ تووشى نه‌خۆشیه‌كه‌ ببێت.

دواڕۆژ: رێگه‌كانى خۆپاراستن چین؟
به‌ختیار فایه‌ق:
ئه‌گه‌ر له‌ خێزانێكدا كه‌سێك تووشى شێرپه‌نجه‌ى كۆلۆن بوو باشتره‌ نازور بۆ ئه‌ندامانى ترى خێزانه‌كه‌ بكرێت، ئه‌گه‌ر ئازارى سك و خوێنبه‌ربوونى كۆم هه‌بوو، یان كێشى له‌ش دابه‌زێنرا باشتره‌ نازور بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى خۆبپارێزرێت له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌.

دواڕۆژ: تا چه‌ند رێژه‌ى تووشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ رووى له‌ هه‌ڵكشانه‌؟ ئایا هه‌ڵكشانى ته‌مه‌ن په‌یوه‌ندیى پێوه‌ هه‌یه‌؟
به‌ختیار فایه‌ق:
رێژه‌ى تووشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ رووى له‌ هه‌ڵكشانه‌. نه‌خۆشیه‌كه‌ش زیاتر له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌مه‌نن.

دواڕۆژ: وه‌كو پسپۆڕى ئه‌م نه‌خۆشییه‌، له‌ هه‌فته‌یه‌كدا چه‌ند رۆژ له‌ شارى پزیشكیى فاروق نه‌خۆش ده‌بینن و چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ن؟ تاچه‌ند نه‌خۆشه‌كان رازین؟
به‌ختیار فایه‌ق:
جگه‌ له‌ رۆژانى هه‌ینى سه‌رجه‌م رۆژه‌كانى تر له‌ شارى پزیشكیى فاروق نه‌خۆش ده‌بینین، له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ رووده‌كه‌نه‌ شارى پزیشكیى فاروق، بۆ نموونه‌ له‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو نه‌خۆشێك له‌ به‌غدا به‌یانییه‌كه‌ى نازورى بۆ كرابوو، هه‌ر له‌و رۆژه‌دا پێیان وتووه‌ گۆشتى زیاده‌ له‌ ریخۆڵه‌كانتدا هه‌یه‌ و ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریى بكه‌یت، خۆشبه‌ختانه‌ رۆژێك دواتر له‌ شارى پزیشكیى فاروق نازورم بۆ كرد و به‌بێ نه‌شته‌رگه‌ریى هه‌موو گۆشته‌كانى ناو ریخۆڵه‌یم لابرد و دواى یه‌ك كاتژمێر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غدا. له‌ ئاستى عێراقدا نه‌خۆشخانه‌كه‌ ناوبانگێكى باشى هه‌یه‌ بۆیه‌ زۆربه‌ى نه‌خۆشه‌كانمان هى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانن.   

دواڕۆژ: جیاوازیى شارى پزیشكیى فاروق چییه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌كانى ترى عێراق بۆ پێدانى چاره‌سه‌ر به‌ نه‌خۆش؟
به‌ختیار فایه‌ق:
ئێمه‌ هه‌موو ئامێرێكمان هه‌یه‌ كه‌ زۆر پێشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێك بگاته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ى گۆشتى زیاده‌ له‌ ریخۆڵه‌یدا دروست بووبێت ده‌توانین به‌ ئامێر بیبڕین، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ پێویستى به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی هه‌بوو ئه‌و كاره‌ى كه‌ بۆى ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ر له‌ شارى پزیشكیى فاروق به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان هه‌مان كار ده‌كرێت، لێره‌ ته‌نها نه‌شته‌رگه‌ریی گرنگ نییه‌، به‌ڵكو دواتر گرنگه‌ كه‌ چۆن چاودێریى نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌ به‌شى وردبینى.

دواڕۆژ: له‌ شارى پزیشكیى فاروق نوێترین چاره‌سه‌ر و ئامێرى پێشكه‌وتوو بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى كۆلۆن چیین؟
به‌ختیار فایه‌ق:
هه‌موو ئامێرێكى پێشكه‌وتوو كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیى كۆلۆن، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ شارى پزیشكیى فاروق دابینكراوه‌، به‌تایبه‌ت ئامێرى هه‌ناوبینین له‌م رێگه‌یه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى نه‌خۆش تووشى شێرپه‌نجه‌ بێت چاره‌سه‌رى بۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڵنیابووین له‌وه‌ى نه‌خۆشه‌كه‌ تووشى شێرپه‌نجه‌ى كۆلۆن بووه‌، له‌ رێگه‌ى ئامێره‌وه‌ سیتى سكانى بۆ ده‌كه‌ین، تا بزانین قۆناغه‌كه‌ى چییه‌؟ له‌ شارى پزیشكیى فاروق ئامێرێكمان هه‌یه‌ پێى ده‌وترێت سۆنه‌رى نازور، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ تا 35 سانتیمه‌ته‌ر له‌ سه‌رووى كۆمه‌وه‌ بێت، له‌ رێگه‌ى ئه‌و ئامێره‌وه‌ قۆناغى نه‌خۆشییه‌كه‌ى بۆ دیارى ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: ئایا نه‌خۆشخانه‌كه‌تان په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ وڵاتانى پێشكه‌وتوو هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى توێژینه‌وه‌ و به‌ده‌ستگه‌یشتنى نوێترین چاره‌سه‌ر؟
به‌ختیار فایه‌ق:
نوێترین توێژینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ره‌كان كه‌ له‌ جیهاندا ده‌كرێن به‌ زووترین كات ده‌گه‌نه‌ لاى ئێمه‌، وه‌كو شارى پزیشكیى فاروق مینبه‌رین له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا، هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كى نوێ هه‌بێت به‌ زووترین كات به‌ده‌ستمان ده‌گات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە