هه‌ڵه‌بجه‌: له‌ 70%ى رووداوه‌كانى هاتوچۆ به‌هۆى ماتۆڕسكیله‌وه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/08/2018‌ :: 517‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
تا دێت ژماره‌ى ماتۆڕسكیلى بێ سه‌ره‌تا له‌ ناوه‌ندى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ روو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن به‌رپرسانى شاره‌كه‌ش ده‌ڵێن، له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ زیاتر له‌ 700 ماتۆڕسكیل ده‌ستى به‌سه‌رداگیراوه‌ و 70%ى رووداوه‌كانیش به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌یه‌. 


نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌منى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى ئابى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ڵمه‌تێكى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئۆتۆمبێلى جام ره‌ش و ماتۆڕسكیلى بێ مۆڵه‌تمان ده‌ستپێكردووه‌ و به‌رده‌وامه‌ و توانیومانه‌ ده‌ستبگرین به‌سه‌ر سه‌دان ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلدا.

وتیشى، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌سه‌ر به‌كارهێنانى ماتۆڕسكیلى بێ مۆڵه‌ت و بێ سه‌ره‌تا ده‌ستگیركراون روبه‌ڕووى دادگا كراونه‌ته‌وه‌ و دادوه‌ر بڕیارى له‌سه‌ر دۆسیه‌كانیان داوه‌، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان به‌رده‌وامى ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ى به‌ ته‌واوى دیارده‌ى به‌كارهێنانى ئۆتۆمبێلى جام ره‌ش و ماتۆڕسكیلى بێ سه‌ره‌تا كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ین.
 
لاى خۆیه‌وه‌ فازیل حه‌مه‌ ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتووچۆى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هاوسنورى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و هاورده‌كردنى ماتۆڕسكیل به‌شێوه‌ى نایاسایى بووه‌ته‌هۆى ئه‌وه‌ى شه‌قام و كۆڵانه‌كان پڕببن له‌ ماتۆڕسكیل، بۆیه‌ ئه‌مه‌ گرفتێكى زۆرى بۆ دروستكردوین و به‌رده‌وام مه‌فره‌زه‌كانمان له‌ هه‌وڵى ده‌ستگیركردنیاندان.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ توانیومانه‌ ده‌ستبگرین به‌سه‌ر 700 ماتۆڕى بێ سه‌ره‌تادا، له‌كاتێكدا به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانمان له‌ 70%ى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له‌ سنوره‌كه‌دا به‌هۆى ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌وه‌ تۆماركراون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure