بانكى ناوه‌ندى ئه‌مریكا به‌دواداچوون بۆ پێنج بانكى عێراقى ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 13/08/2018‌ :: 873‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رچاوه‌یه‌كى دیبلۆماسى عێراقى رایده‌گه‌یه‌نێت، بانكى فیدڕاڵى ناوه‌ندى ئه‌مریكا به‌دواداچوون بۆ پێنج بانكى عێراقى نوێ ده‌كات، سه‌ره‌ڕاى (بانكى بیلادى ئیسلامى).


ئاژانسى رۆیته‌رز له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند، تیمێكى راوێژكارانى ئه‌مریكا له‌ عێراقن بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و بانكانه‌ كه‌ ره‌نگه‌ رووبه‌ڕووى هه‌مان ئه‌و سزایانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر (بانكى بیلادى ئیسلامى) سه‌پێنرا.

وتیشى "لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندى ئه‌و بانكانه‌ یان قۆرخكردنیانه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له‌ ئاڵوگۆڕه‌ داراییه‌كاندا كه‌ له‌ سه‌رده‌مى باراك ئۆباما، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام ئه‌وكات ته‌نها یه‌ك بانكى گرته‌وه‌".

به‌پێى سه‌رچاوه‌كه‌ له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا لێكۆڵینه‌وه‌كان دووباره‌ ده‌ستیان پێكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بوارى گواستنه‌وه‌ى پاره‌ى نه‌ختینه‌ ده‌گرێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئاڵوگۆڕى دارایى گومانلێكراو بۆ لوبنان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ سوریا، سه‌ره‌ڕاى هه‌ندێك وڵاتى ئاسیایى و ئه‌وروپاى رۆژهه‌ڵات.

ساڵى رابردوو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بانكى ئیلافى ئیسلامى عێراق خسته‌ لیستى ره‌شه‌وه‌.

خستنه‌ نێو لیستى ره‌ش بانكه‌كان ناچار ده‌كات له‌نێوان هه‌ردوو بژارده‌ى پچڕاندنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ئێرانیه‌كان كه‌ سزاكانى ئه‌مریكا ده‌یانگرێته‌وه‌ یان دابڕان له‌ سیستمى دارایى ئه‌مریكا یه‌كێكیان هه‌ڵببژێرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure