بازرگانانی سلێمانی کارەکانیان لەگەڵ ئێران کەمدەکەنەوە

هەواڵ / ئابوری :: 13/08/2018‌ :: 276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەھۆی بەرزی و نزمی دراوی کۆماری ئیسلامی ئێران، بازرگانان لەشاری سلێمانی توشی زیانبوون و بەشێکیشیان مەمەڵەکردنیان لەگەڵ بازرگانانی ئەو وڵاتە وەستاندووە.


ژیر خەسرەو لەنوسنگەی برایان لەبازاڕی دۆلارەکە بەدواڕۆژی وت "بەرز و نزمی بەردەوام لەنرخی تمەن کاریگەری زۆری کردۆتە سەر بازاڕ و بازرگانان، بۆیە لە ئێستادا مامەڵەکردن و بازرگانیکردن بە تمەنی ئێرانیەوە قورسبووە".

وتیشی "ئێمە خۆمان هەستیارانە مامەڵە بە تمەنەوە دەکەین و لە ماوەی رابردوودا مامەڵەی بازرگانیشمان ھەبووە لەگەڵ ئێراندا ھەندێک کەلوپەلی کارەبایمان ڕەوانەی ئێران دەکرد بەڵام لە ئێستادا ھەموو شتێکمان وەستاندووە چونکە زیانی زۆر دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا، لەکوردستانەوە کە کەلوپەل بەبازرگانانی ئەودیو دەفرۆشرێت ئەوان ناتوانن ساغی بکەنەوە و پارەکەیان بەردەوام بەرز و نزمی دەکات، بۆیە بازرگانانی سلێمانی لەئێستادا مامەڵەیان کەمکردۆتەوە و بازرگانانی ئێرانیش ناتوانن ئەو پارانە بدەنەوە کە قەرزارن.

هاوکات سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ دواڕۆژی رونیکردەوە "دابەزین و بەرزبونەوەی نرخی دراوی ھەر وڵاتێک کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر بازاڕ و بازرگانان".

ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا بەھۆی بەردەوامی دابەزینی  نرخی تمەنەوە بازرگانان بە ئاگاوە مامەڵەدەکەن و کاڵاو مادەکان لەئێران دەکڕن".

بەھۆی فشارە ئابوریەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران لەئێستادا تمەن بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو لەمێژووی ئەو وڵاتەدا هاوشێوەی نەبووە.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure