"یەکێتی و پارتی نایانەوێت بەتەنیا بچنە بەغدا"

هەواڵ / کوردستان :: 12/08/2018‌ :: 607‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
دوای ئەوەی چوار لایەنی ناڕازیی ھەرێم هێمایان بۆ ئەوە کرد سەرەڕای تێبینییان بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، دیالۆگی نیشتمانی بە گرنگ دەزانن، وتەبێژی یەکێتی دەڵێت "ئەوە هەنگاوێکی باشە و ئێمە دەمێکە داوای دەکەین".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "دەمێکە داوا لەو چوار لایەنە دەکەین کە گفتوگۆ بکەن و بەیەکەوە بەرەیەکی نیشتمانی و کوردستانی دروستبکەین و بەیەک پاکێج بچینە بەغدا، ئەوان ناڕازای بوون و چاوەڕوانی دوایین ئەنجامیان دەکرد".

وتیشی "چوار لایەنەکەی هەرێم کە دوای بەیاننامەکەی دوێنێیان داوای دیالۆگێکی نیشتمانییان کرد، ئەو ھەنگاوەمان بەلاوە گرنگە و سەرەتایەکی باشە بۆ دەرگای دیالۆگ تا بتوانین لەیەک تێبگەین و وەک یەکێتی و پارتییش دەمێکە ئامادەییمان نیشانداوە بۆ ئەو دیالۆگانە، چونکە یەکێتی و پارتی نایانەوێت بەتەنیا بڕۆنە بەغدا و دەیانەوێت بەیەکەوە لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردی بەرەیەک دروستبکەن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد".

ئەوەشی وت "هیچ کاتێک دیار نییە بۆ چوونە بەغدا، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە سەر کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی تر و ھەر کاتێک لایەنەکان ئامادەبن بتوانن بەیەکەوە یەکدەنگبن، شاندێکی کوردی دەنێرینە بەغدا تا لەگەڵ لایەنەکانی تر لەسەر پێکهێنانی حکومەت و مافەکانی کورد گفتوگۆ بکەن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure