كۆمسیۆن داواكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ڕه‌تكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/08/2018‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی هه‌رێم، داواكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارو رێكخراوی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی پێشكه‌شكرابوو، ڕه‌تكرده‌وه.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ند رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی له‌ڕێگه‌ی نوسراوی فه‌رمییه‌وه‌ داوایان له‌ كۆمسیۆن كرد ماوه‌ی بانگه‌شەی هه‌ڵبژاردن له‌ 10 ڕۆژ زیاتر نه‌بێت، ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ئه‌و داوایه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌و به‌رپرسانی كۆمسیۆن ئاماژه‌ به‌وه ده‌كه‌ن، به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، رێژه‌ی به‌شداری هاووڵاتیان كه‌مده‌بێته‌وه‌و پاڵێوراوان ناتوانن به‌رنامه‌ی كاری خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ به‌پشتبه‌ستن به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆمسیۆن، ئه‌نجومه‌نی  كۆمسیاران دوو ماوه‌ی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریكردووه‌و ده‌یه‌وێت یه‌كێك له‌وانه‌ بكاته‌ بڕیار كە ماوه‌ی یه‌كه‌م 20 ڕۆژ و ماوه‌ی دووه‌میش 15 ڕۆژە.

لای خۆیه‌وه‌ ھەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێم به‌ دواڕۆژی ڕاگەیاند "كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارن ئاسان نییه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌هۆی كه‌میی رێژه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردن و وه‌كو پێویست هاووڵاتیان ناتوانن بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پاڵێوراوان و حزبه‌ سیاسییه‌كان ناتوانن به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆیان به‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ریان ئاشنا بكه‌ن.

ده‌شڵێت "دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌سه‌ندكردنی ناوی هه‌ر 703 پاڵێوراوەكە له‌ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و په‌سه‌ندكردنی ناوه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆن، ئه‌نجومه‌نی كۆمیساران بڕیار له‌سه‌ر كات و ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌دات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure