ده‌رهاویشته‌و كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌زینى به‌های تمه‌ن و لیره له‌سه‌ر دینارو بازاڕ

هەواڵ / ئابوری :: 12/08/2018‌ :: 2749‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،سیروان محه‌مه‌د
هه‌ژموونى وڵاتانى دراوسێى عێراق، به‌تایبه‌تى ئێران و توركیا، هه‌ر سیاسى نییه‌و كاریگه‌رییه‌ ئابوورییه‌كانیان بۆ سوودوه‌رگرتن له‌بازاڕو ئابوورى، هۆكارێكى دیكه‌ى ده‌ستوردانی ئه‌و دوو وڵاته‌یه‌ له‌ عێراق.


كارییه‌گه‌رییه‌ ئابوورییه‌كانى هه‌ریه‌ك له‌توركیا و ئێران له‌سه‌ر عێراق، به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ كێشه‌و ئاریشه‌ ئابووریی و داراییه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌، ره‌نگدانه‌وه‌ى ته‌واوى له‌سه‌ر ئابوورى و بازرگانى عێراق ده‌بێت.

ئێران و هه‌ڵلوشینى دۆلارى بازاڕه‌كانى عێراق
له‌دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاى ئابوورى به‌سه‌ر ئێراندا، تاران چاوى له‌وڵاتانى دراوسێیه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌ریى سزاكانى ئه‌مریكا و زیادكردنى هه‌نارده‌ى كاڵا و شمه‌ك بۆ ئه‌و وڵاتانه‌و به‌ده‌ستهێنانى دراوى قورس له‌ڕێگه‌ى بارزگانه‌كانه‌وه‌.

به‌پێى ئاماره‌كانى بانكى ناوه‌ندى عێراق، كه‌ به‌روارى 31ى ته‌مموز بڵاویكردوه‌، رایگه‌یاندووه‌ له‌ساڵى 2005 تا 2017 له‌مه‌زادى رۆژانه‌دا نزیكه‌ى 488.6 ملیار دۆلارى فرۆشتووه‌، له‌ساڵانى رابردوودا ده‌وترا به‌شێكى ئه‌و دۆلارانه‌ له‌رێگه‌ى چه‌ند بانكێكه‌وه‌ رۆیشتوون بۆ ئێران.

ئێستاش پسپۆرانى ئابوورى پێیانوایه‌ ئێران له‌ڕێگه‌ى وڵاتانى دراوسێوه‌ هه‌وڵده‌دات خۆى له‌ته‌نگه‌ژه‌ى دارایی رزگار بكات، ئه‌وه‌ش به‌هه‌ڵلوشینى دۆلاری ناو بازاڕه‌كانى عێراق.

به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر دینار ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ جۆرێك له‌سه‌قامگیرى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و 100 دۆلار لە ده‌وروبه‌رى 120 هەزار دیناردا مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ دوێنێ شه‌ممه‌وه‌ 100 دۆلار بۆ 121.100 دینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ زۆربوونى خواست و ئه‌گه‌ری دزه‌پێكردنى به‌شێوه‌ى نایاسایی بۆ ده‌ره‌وه‌ى سنوور.

ماجد ئه‌لصورى، پسپۆرى ئابوورى عێراقى رایگه‌یاند "ئێران هیچ رێگایه‌كى له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌وه‌ى عێراق وه‌ك ده‌ریچه‌یەك بۆ هه‌ناسه‌ى ئابوورى به‌كاربهێنێت، ئه‌وه‌ش به‌به‌ده‌ستهێنانى دۆلار له‌ بازاڕه‌كانى عێراق".

حكومه‌تى عێراق له‌باردوخێكدایه‌ كه‌س ئێره‌یی پێنابات، كابینه‌یه‌كى كاربه‌رێكه‌رى نقوومبوو له‌ كێشه‌و قه‌یران، كه‌وتووەته‌ نێوان مه‌نگه‌نه‌ى ئیران و ئه‌مریكا، به‌هه‌ر لایه‌كدا پارسه‌نگ بێت ئاگرى لایه‌كه‌ى دیكه‌ ده‌یسوتێنێت، به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادى رایگه‌یاند كه‌ ره‌نگه‌ ناچاربن پابه‌ندى سزاكانى ئه‌مریكا ببن.
 
له‌وچوارچێوه‌یه‌دا سه‌عد حه‌دسی، وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراق به‌ئاژانسى سپۆتنیكى راگه‌یاند كه‌ "عێراق ناچار ده‌بێت له‌مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانیدا، له‌گه‌ڵ  ئێران به‌دۆلار مامه‌ڵه‌ نه‌كات".

حه‌دیسى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ كه‌ میكانیزمێک بۆ كارى بازرگانى له‌نێوان هه‌ردوو وڵات داده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مریكا كاریگه‌ریى له‌ره‌وشى بازرگانى نێوان تاران و به‌غدا نه‌بێت.

بانكى ناوه‌ندى عێراقیش به‌رپرسانى ئێرانى نیگه‌ران كرد كاتێك رایگه‌یاند پابه‌ندى سزاكانى ئه‌مریكا ده‌بن و داواى له‌بانكه‌كان كرد مامه‌ڵه‌ به‌دۆلار له‌گه‌ڵ ئێران نه‌كه‌ن و  ئه‌و بڕیاره‌ش به‌رپرسانى ئێرانى نیگه‌ران كرد و له‌به‌رامبه‌ردا داواى 11 ملیار دۆلار قه‌ره‌بووی شەڕی ئێران عێراق له‌ عێراق ده‌كه‌ن.

لەوبارەیەوە مه‌عسومه‌ ئیبتكار، جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تویته‌ردا نوسیوویه‌تی "به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 6 ی بڕیاری ژماره‌ 598 ی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، عێراق ده‌بێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بداته‌ تاران كه‌ ئێران به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری ئابووری عێراق داوای له‌ به‌غدا نه‌كردبوو".

عێراق له‌مه‌نگه‌نه‌ى فشاره‌كانى ئێران و ئه‌مریكادایه‌، هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كارتى فشاریان له‌سه‌ر عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا زۆر به‌ وردى بۆ كاریگه‌رى سزاكانى سه‌ر ئێران و چاودێرى هه‌ڵسوكه‌وت و بڕیاره‌كانى عێراق ده‌كات، تا عێراق نه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دراوى قورس بۆ ئێران.

دكتۆر خالید حه‌یدر، پسپۆرى ئابوورى و مامۆستا زانكۆ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "ئێران به‌هۆى سزاكانى ئه‌مریكا، تواناى به‌ده‌ستهێنانى دۆلارى كه‌مده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ناچاره‌ به‌دواى رێگه‌ى تردا بگه‌ڕێت، یه‌كێك له‌وانه‌ وڵاتانى دراوسێیه‌، به‌ تایبه‌تیش عێراق بۆ به‌ده‌ستهێنانى دۆلار به‌شێوه‌ى ناڕه‌سمى".

له‌سزاكانى پێش رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى، گه‌مارۆ نه‌خرابووه‌ سه‌ر بانكى ناوه‌ندى ئێران و ئاڵوگۆڕى دراو، به‌ڵام له‌سزا نوێیه‌كانى تره‌مپدا كه‌ دوو قۆناغه‌، گورزى گه‌وره‌ به‌ر بانكى ناوه‌ندى ئێران كه‌وت و مامه‌ڵه‌ى دۆلار و ئاڵتون و كانز گرانبه‌هاكان و چه‌ند بوارێكى دیكه‌ى له‌ئێران قه‌ده‌غه‌ كردووه‌و له‌قۆناغى دووه‌مى سزاكانیشدا كه‌ 5ى مانگى تشرینى دووه‌م ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و كه‌رتى نه‌وت و فرۆشتنى نه‌وت چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى ئابورى ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سزاكانى ئه‌مریكا ئه‌و پسپۆره‌ ئابورییه‌ وتى "به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر چه‌ترى حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراقدایه‌، ناتوانێت پابه‌ندنى سزاكانى ئه‌مریكا نه‌بێت و سزاكان بشكنێت، وه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتى فرۆكه‌وانى گه‌شتى فرۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى وه‌ساند، بانكى ناوه‌ندیش ده‌توانێت بانكه‌كانى هه‌رێم ناچارى پایه‌ندبوونى سزاكان بكات".

خالید حه‌یده‌ر وتیشى "ئه‌مریكا زۆر به‌وردى چاودێرى باردۆخى عێراق و سه‌پاندنى سزاكانى سه‌ر ئێران و جوڵه‌ى دراو  چالاكییه‌ بازرگانییه‌كانى ئێران ده‌كات".

دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ و ئابوورى عێراق
دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر دۆلار كاریگه‌رییه‌ى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر عێراق و دینارى عێراق نابێت، به‌ڵام له‌ناوخۆى توركیادا پشێوییه‌كى زۆرى دروستكردوه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌هاى دۆلارێك بۆ 6.5 لیره‌ به‌رزبووه‌وەو رێژه‌ى هه‌ڵاوسان رۆژ له‌ دواى رۆژ  روو له‌زیادبوونه‌ و خه‌ڵك متمانه‌ى به‌لیره‌ زۆر لاواز بووه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ش وڵاتانى ئه‌وروپا ده‌ترسن دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ كاریگه‌ریى هه‌بێت بۆ سه‌ر بانكه‌كانیان.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆك كۆمارى توركیا، له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ وڵاته‌كه‌ و لیره‌ له‌و داڕمانه‌ رزگار بكات، رۆژى شه‌ممه‌ رایگه‌یاند هه‌وڵده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌روسیاو ئیران به‌دراوى نیشتمانى مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و داواى له‌هاووڵاتیانى وڵاته‌كه‌شى كرد پشتگیرى دراوى ولاته‌كه‌یان بكه‌ن و دۆلار و ئاڵتونه‌كانیان بكه‌ن به‌ لیره‌.

هاوكات ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكى پارتى نه‌ته‌وه‌په‌رستى توركیاش بریاریدا چى سه‌رمایه‌ى دراوى قورسى پارته‌كه‌ى هه‌یه‌ بكات به‌لیره‌ و داواشى له‌ هاووڵاتیان كرد كه‌ ئه‌و دۆلار و زێره‌ى هه‌یانە بیكه‌ن به‌لیره‌ .

به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێكى زۆرى هاورده‌ى كاڵاوشمه‌كى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ توركیا و ئێران هاورده‌ ده‌كرێت، هه‌ر قه‌یران و گرفێكى ئابوورى ئه‌و دوو وڵاته‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر قه‌باره‌ى بازرگانى و نرخى كاڵاو شمه‌ك و جوڵه‌ى دراوى قورس ده‌بێت.

ئه‌گه‌ر به‌دیوێكدا دابه‌زینى به‌هاى لیره‌و تمه‌ن به‌رامبه‌رى دینار و دۆلار، توناى هاورده‌ى بازرگانان زیاد بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ بازاڕه‌كانى تاران و ئه‌نكه‌ره‌ رووده‌دات رێژه‌ى هه‌ڵاوسان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌، تواناى هه‌نارده‌ى لاوازكردووه‌و بازرگانى عێراق و كوردستانى بێهیوا كردووه‌و ئاماره‌كانیش ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن كه‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانیى له‌گه‌ڵ ئێران له‌دواى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن كه‌میكردوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە