عه‌بادی سه‌ردانی توركیا و ئێران ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 11/08/2018‌ :: 333‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌كانی توركیا ئاشكرایده‌كه‌ن، سێشه‌ممه‌ی ئاینده‌ 14ی ئاب، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا ده‌كات. 

میدیا توركییه‌كان له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسییه‌وه‌ بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ئاینده‌. 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌یان تاوتوێ ده‌كات. 

سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌شده‌خه‌نه‌ڕوو، عه‌بادی دوابه‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ره‌و تارانی پایته‌ختی ئێران به‌ڕێده‌كه‌وێت به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ش. 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی ئاب، به‌هرام قاسمی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئاگاداری سه‌ردانی عه‌بادی بۆ تاران بێت. 

هاوكات، ئاژانسی فرانس پرێس ئه‌مڕۆ بڵاویكردبووه‌ته‌وه‌، عه‌بادی سه‌ردانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێران و توركیا ده‌كات كه‌ هاوپه‌یمانی ئابوری عێراقن و له‌مدواییانه‌دا رووبه‌ڕووی سزای ئابوری ئه‌مریكا بوونه‌ته‌وه‌. 

ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری به‌رپرسێكی عێراقییه‌وه‌ بڵاویكردبووه‌وه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرانه‌كرابوو، عه‌بادی بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی ئابوری سه‌ردانی ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌كات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure