سلێمانى: پڕۆژه‌ى خه‌ڵاتى گه‌ل راگه‌یه‌نرا و یه‌كه‌م خه‌ڵات ده‌به‌خشرێته‌ كۆچه‌ر بیركار

هەواڵ / که‌لتور :: 11/08/2018‌ :: 773‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ى ئابى 2018، له‌ كاتی په‌رده‌لادان له‌سه‌ر په‌یكه‌رى (كلتور و خۆشه‌ویستى)ى له‌شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود له‌ سلێمانی، پڕۆژه‌ى خه‌ڵاتى "گه‌ل" راگه‌یه‌نرا و ئه‌مساڵ وه‌ك یه‌كه‌م ساڵ ده‌به‌خشرێته‌ كۆچه‌ر بیركار.


له‌ مه‌راسیمی په‌رده‌لادان له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌، زیره‌ك میره‌ وه‌ك په‌یكه‌رسازێك پڕۆژه‌ى خه‌ڵاتى "گه‌ل"ى راگه‌یاند و وتى "به‌پێویستمانزانى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى ده‌ستبه‌ژێرى شار و هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان ئه‌م خه‌ڵاته‌ رابگه‌یه‌نین وه‌ك خه‌ڵاتێكى نه‌ته‌وه‌یى، ئه‌مه‌ش هه‌ستى نیشتمانیمان لا دروست ده‌كات و كه‌لتورى خۆشه‌ویستى له‌ لامان دروست ده‌بێته‌وه‌".

باسى له‌وه‌شكرد "بودجه‌ى ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ سه‌نتێكیش بێت، خزمه‌ت به‌ دۆزى كورد ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر ساڵه‌و ده‌به‌خشرێت به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كورد له‌هه‌ر كوێی جیهاندا بێت كه‌ داهێنانێك بكات".

زیره‌ك میره‌ داواشى له‌ حزبه‌كان كرد ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ حزبى نه‌كه‌ن و هه‌ر ساڵه‌ و بدرێت به‌ كه‌سایه‌تییه‌كى شایسته‌.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ په‌یكه‌رسازه‌ ئه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی خۆی كرده‌ ناو سندوقى كۆكردنه‌وه‌ى بودجه‌ى خه‌ڵاته‌كه‌، پاشان شه‌هێن سابیر ئه‌ندامى پڕۆژه‌كه‌ ملوانكه‌كه‌ى ملى داناو كردیه‌ ناو سندوقه‌كه‌، هه‌ر له‌و كاته‌شدا ئیحسان مه‌لا فوئاد رۆژنامه‌نووسى ده‌زگاى دواڕۆژ، وه‌ك یه‌كه‌م رۆژنامه‌نووس بڕه‌ پاره‌یه‌كى به‌خشییه‌ پڕۆژه‌كه‌ بۆ هاندانى كه‌سانى تر و سه‌ركه‌وتنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌.

خه‌ڵاتى گه‌ل، خه‌ڵاتێكى رێزلێنانى ئاڵتونییه‌ و ده‌به‌خشرێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ بوارى زانست و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و هه‌ر بوارێكى تر داهێنان ده‌كه‌ن، ئه‌م خه‌ڵاته‌ سوپاسى 40 ملیۆن كه‌سه‌ بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ى خه‌ڵاته‌كه‌ى پێده‌به‌خشرێت، چونكه‌ بودجه‌كه‌ى له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ دابینده‌كرێت.

بیرۆكه‌ى ئه‌م خه‌ڵاته‌ش له‌ وه‌رگرتنى خه‌ڵات له‌لایه‌ن زاناى بیركارى كۆچه‌ر بیركار دێت، كه‌ دواتر له‌به‌رده‌م میدیا جیهانییه‌كاندا وتى "هیوادارم ئه‌م خه‌ڵاته‌ 40 ملیۆن كوردى دڵخۆش كردبێت".

ئه‌مساڵ وه‌ك یه‌كه‌م ساڵی راگه‌یاندنی پرۆژه‌كه‌، ئه‌و خه‌ڵاته‌ ده‌به‌خشرێته‌ كۆچه‌ر بیركار، ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ى كه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی بیركاری به‌ده‌ستهێنا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure