وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کارمەندە خۆبەخشەکان نوسراوێک ئاڕاستەی حکومەت دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 11/08/2018‌ :: 2010‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وەزارەتی تەندروستی نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کارمەندە خۆبەخشەکانی بەشە پزیکشيیەکان کە لەساڵانی رابردوو دەوامیان کردوە.


دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند، ئێستا کێشەی کەميی میلاکمان هەیە لە زۆربەی نەخۆشخانەکان و پێشتریش ئەوەمان راگەیاندووە کە لەچەندین نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی میلاک کەمە، چونکە دوای قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران کارمەند و پزیشک کارەکانیان جێهێشتووە و مۆڵەتیان کردوە".

راشیگه‌یاند "بەپێی دواین ئامار کە لەبەردەستمانە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی (٥) هەزار کارمەند و پزیشک وازیان لە کارەکانیان هێناوە یان مۆڵەتی هەمیشەییان وەرگرتووەو ئێستا کێشەی کەمی کارمەند هەیە و داوامان کردوە بەجۆرێک ئەو کێشەیە چارسەر بکرێت و شوێنەکانیان پربکرێنەوە".

ئاشكراشیكرد، وەزیری تەندروستی بۆ پڕکردنەوەی کێشەی کەمی میلاک پرۆژەیەکی ئامادەکردوە بۆ کەرتی تەندروستی و نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردوە، کە ئەو کارەمەندە خۆبەخشانەی لەساڵانی رابردوو دەوامیان کردوە بخرێنە شوێنی ئەو کارەمەندانەی کارەکانیان جێهێشتووە و مۆڵتەیان کردوە".

رونیشکردەوە، چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانین و ئەگەر رەزامەندی درا دەست دەکرێت بە وەرگرتنیان بەشێوەی گرێبەست شوێنی ئەوانە پردەکەنەوە کە ئەرکەکانیان جێهێشتووە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure