ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر خه‌رجكردنى پاره‌ بۆ پاركى ئازادى سلێمانى ده‌ربڕى

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 973‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
پارێزگارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر خه‌رجكردنى پاره‌ى پاركى ئازادى و پاركه‌كانى دیكه‌ ده‌ربڕیووه‌، ده‌شڵێت "له‌ له‌ناوچوون ده‌یانپارێزین و باخچه‌ى تریش دروست ده‌كه‌ین".


هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت "ئێمه‌ له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانییه‌وه‌ ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌، پاركى ئازادى ساڵانه‌ پێویستى به‌ بودجه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕدرێت".

وتیشى "له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تى دیوان قسه‌مان كردووه‌ و له‌ رێگه‌ى وه‌زیرى شاره‌وانییه‌وه‌ ره‌زامه‌ندى دراوه‌ به‌ خه‌رجكردنى ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ بۆ ئاوەدانى پاركى ئازادى و هه‌وارى شار و سه‌رجه‌م شوێنه‌كانى دیكه‌ى شاره‌كه‌".

پارێزگارى سلێمانى، جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا ئه‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى باخچه‌كان قسه‌مان كردووه‌، ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌كى خێرا هه‌بێت بۆ ئاودانى دار و نه‌مامه‌كان ئێمه‌ وه‌كو پارێزگا ئاماده‌ین له‌سه‌ر بودجه‌ى خۆمان ئاو و ته‌نكه‌رى پێویست بۆ ئه‌و سێكته‌ره‌ كرێ ده‌گرین تا ئه‌و كاته‌ى پڕۆژه‌كه‌ خۆى ده‌ستپێده‌كات".

باسى له‌وه‌شكرد "به‌هۆى قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ بابه‌تى دیاریكردنى پاره‌ بۆ ئه‌م پاركانه‌ دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاگاداریان كردوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر خه‌رجكردنى پاره‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ دراوه‌".

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "من یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌كانم سه‌وزكردنى ئه‌م شاره‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌وانه‌ى هه‌مانه‌ له‌ده‌ستیان بده‌ین چۆن ده‌توانین شتى تر دروست بكه‌ین، بۆیه‌ ئه‌و پاركانه‌ ده‌پارێزین و باخچه‌ى تریش دروست ده‌كه‌ین".

ئه‌م وتانه‌ى پارێزگارى سلێمانى دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا ده‌زگاى دواڕۆژ، هه‌ستا به‌ ئه‌نجامدانى كه‌مپه‌ینێكى میدیایى بۆ پاراستنى پاركى ئازادى له‌ وشك بوون و له‌ناوچوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure