سبه‌ینێ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانى كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2018‌ :: 844‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
بڕیاره‌ سبه‌ینێ شه‌ممه‌ 11ى ئابى 2018، چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ (گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئیسلامى، یه‌كگرتووى ئیسلامى، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى)، له‌سه‌ر ئاستى كه‌سى یه‌كه‌م كۆببنه‌وه‌ و تاوتوێى چه‌ند پرسێك بكه‌ن.

عوسمان كاروانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژ-ى وت "بڕیاره‌ كاتژمێر 10:30ى خوله‌كى سبه‌ینێ شه‌ممه‌، له‌ مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ سلێمانى چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى كه‌سى یه‌كه‌م كۆببنه‌وه‌".

وتیشى "كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ تاوتوێكردنى بارودۆخه‌ گه‌رمه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و باسكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم و دیراسه‌كردنى ده‌رئه‌نجامه‌كانه‌ كه‌ دادگاى فیدڕاڵى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران رایگه‌یاندووه‌".

عوسمان كاروانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئێمه‌ وه‌ك یه‌كگرتووى ئیسلامى ئه‌نجامى كۆتایى دادگاى فیدڕاڵى ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ى كۆمسیۆن كردى پێشێلكردنى یاسا بوو، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێه‌رانى عێراق یاسایه‌كى ده‌ركرد بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م سندوقه‌كان، به‌ڵام ئه‌و دادوه‌رانه‌ى له‌ شوێنى به‌رپرسانى كۆمسیۆن دانران خوێندنه‌وه‌یه‌كى ناته‌ندروستیان بۆ كرد، بۆیه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ و ئه‌و هه‌ژماركردنه‌وه‌یه‌ش قابیلى قبوڵكردن نیه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاچه‌ند له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانن، كاروانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئێمه‌ وه‌ك یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان نین و خۆشمان ئاماده‌كردووه‌ و لیستمان پێشكه‌شكردووه‌ و له‌ جێبه‌جێكردنى پێداویستیه‌كانیشداین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure